حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 18 DEC 2017 10:01 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى و ماكرۆن، كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

SAT, 2 DEC 2017 22:51 | KRG Cabinet


نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2/12/2017 له‌ ئه‌لیزێى كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیى فه‌ڕه‌نسا له‌ پاریس، به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، پێشوازى له‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكى باڵاى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكوومه‌ت و عه‌لى دۆله‌مه‌رى نوێنه‌رى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌ڕه‌نسا پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك ماكرۆن داكۆكى له‌ یه‌كڕیزیى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان كرد، پشتگیریى وڵاته‌كه‌یشى بۆ حكوومه‌تێكى به‌هێز و كاراى هه‌رێم و شه‌رعیه‌تى حكوومه‌تى ئێستا و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى. پێشمه‌رگه‌ى به‌ هێزێكى كاریگه‌ر و مایه‌ى پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ قوربانى زۆرى داوه‌ و ڕایگه‌یاند فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئاماده‌ییى فه‌ڕه‌نسایشى بۆ هه‌وڵدان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدڕاڵى عێراق، نیشان دا.

سه‌رۆك ماكرۆن جه‌ختى له‌ جێبه‌جێكردنى هه‌موو مادده‌كانى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌ كه‌ تیایدا ته‌واوى مافه‌كانى گه‌لى كوردستان زامن بكرێت و گرژى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدڕاڵى عێراقدا نه‌مێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش ڕایگه‌یاند هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌رباره‌ى ئابلۆقه‌ و ئه‌و ڕێكارانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان گیراونه‌ته‌به‌ر، په‌یوه‌ندى به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ ده‌كات. هه‌روه‌ها نیگه‌رانیى خۆى به‌رامبه‌ر حه‌شدى شه‌عبى و میلیشیاكان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى، ده‌بێت عێراق خۆى خاوه‌ن سه‌روه‌رى و بڕیارى خۆى بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچێرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌م ده‌سپێشخه‌رى و پێشوازییه‌ى كرد، به‌تایبه‌تى له‌م قۆناغه‌دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئابلۆقه‌ى له‌سه‌ره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌فه‌ڕه‌نسا له‌ كاتى ته‌نگانه‌دا به‌ ته‌نگ گه‌لى كوردستانه‌وه‌ هاتووه‌ و ئێستاش هه‌ر پێشبینیى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت. داواى كرد فه‌ڕه‌نسا به‌تایبه‌تى و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى، ڕۆڵى خۆیان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێم و حكوومه‌تى عێراقدا بگێڕن و له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پشتگیرى له‌ هه‌رێم بكه‌ن، ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا، هه‌روه‌ها هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌سه‌ر خاڵه‌كانى سنوور و فڕۆكه‌خانه‌كان، نیشان دا.

به‌ڕێزیان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ به‌دیهاتنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ عێراقدا، ده‌بێت ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت و مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانى دیكه‌ى عێراق زامن بكرێن، قه‌واره‌ سیاسى و ده‌ستوورییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێشێل نه‌كرێت وه‌ك به‌ ڕوونى له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقدا دیاره‌، وێڕاى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2014ه‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ڕێكارى دیكه‌ى حكوومه‌تى فیدراڵ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ مه‌به‌ست لێیان سزادانى گه‌لى كوردستانه‌ و ده‌بێت جیهانى ئازاد ڕێگه‌ى پێنه‌دات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌ترسیى ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى له‌ عێراق، پرسى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ حكوومه‌تى عێراق هاوكاریى نه‌كردوون، دۆخى ناوچه‌كه‌و عێراق و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، تاوتوێ كرا.