حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 22 APR 2018 22:40 Erbil, GMT +3

شاندی هه‌رێمی كوردستان و لیژنه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، دۆخى هه‌رێم تاوتوێ ده‌كه‌ن

MON, 18 DEC 2017 19:09 | KRG Cabinet


هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ ئه‌ڵمانیا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رلین، به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و لیژنه‌ى به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌یان به‌رز نرخێنرا و لیژنه‌كان نیگه‌رانیی خۆیان بۆ گرژییه‌كانى ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها به‌ پێویستیان زانی كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق به‌ دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، پشتگیریشیان له‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تێكى به‌هێز له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.


لیژنه‌كان ڕوونیان كرده‌وه‌ كه‌ ئاسان نه‌بوو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بڕیاری ناردنی هاوكاریی سه‌ربازی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵاته‌كه‌ی بدات، به‌ڵام به ‌پێویست زانرا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هێزه‌ تیرۆرستییه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی هه‌موو جیهان ده‌كات و له‌مه‌ودواش هه‌وڵ ده‌درێت پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر بكرێت تا بتوانرێت ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رقه‌رار ببێت. لیژنه‌ى به‌رگریش جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامیى پشتگیرى له‌ پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ ئه‌و بڕیاره‌ بوێرى ناردنى هاوكارى سه‌ربازى بۆ هه‌رێمى كوردستان و هیوای به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولاى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خواست. هه‌روه‌ها به ‌پێویستی زانی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ڕۆڵێكی به‌رچاو له‌ ده‌ستپێكردنی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا بگێڕێت و دوای داعش‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری بۆ عیراق هه‌بێت، چونكه‌ خه‌ریكه‌ داعش له‌ به‌رگێكی دیكه‌دا دروست ده‌بێته‌وه‌، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ش پێویسته‌ گفتوگۆیه‌كی جددی هه‌بێت و به‌غدا هان بدرێت له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌ك هاوكار بێت.

به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد دیالۆگێكی جددی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌نرێت كه‌ چاره‌سه‌رێكی باشی دۆخى ناوخۆیه‌‌. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا هه‌ر هاوكارییه‌ك بۆ عێراق له‌ ڕێگه‌ی ئای ئێم ئێفه‌وه‌ بكات، هه‌وڵ بدات شایسته‌ى ڕه‌واى هه‌رێمى كوردستانى لێ بدرێت، هه‌روه‌ها پشتگیریى ڕیفۆرمه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات،‌ چونكه‌ به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌هێزكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. سوپاسی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی ئه‌ڵمانیایشی كرد بۆ هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌ په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان.