حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 JAN 2018 08:11 Erbil, GMT +3

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاكسازی لە وەزیفەی گشتی، مووچە و خانەنشینی پەسەند كرد

THU, 21 DEC 2017 18:31 | KRG Cabinet

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/12/2017 بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بەخێرهاتنەوەی بەڕێز ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ سەر كارەكەی و ئەم هەنگاوەی بەڕێزیان لەو ڕەوشە سەختەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بە خەمخۆریی به‌ڕێز وه‌زیری دارایی بۆ تێپەڕاندنی ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان لێكدرایەوە و بەرز نرخێنرا. لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، جەختی له‌سەر بەردەوامبوون و تەواوكردنی نەخشەڕێگای حكومەتی هەرێم بۆ چاكسازی لە بواری داراییی گشتی كرده‌وه‌ كە پێشتر لەپێناو تێپەڕاندنی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و دابینكردنی مووچەی شایستە بۆ مووچەخۆران لە ساڵی 2018دا دەستی پێكردووە و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه لە پێشینەی كارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.

ئەنجومەنی وه‌زیران سوپاس و دەستخۆشی لە بەڕێز ڕابەر سەدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بە وەكالەت كرد كە لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی بە شێوەیەكی سەركەوتووانە كارەكانی وەزارەت بەڕێوە ببات‌، هەوڵ و ماندووبوونەكانی له‌مباره‌یه‌وه‌ بەرز ‌نرخێنرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كانی ڕۆژانی ڕابردووی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان كرا، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داواكردنی مافه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ ڕێگه‌ی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی، دووپات كرده‌وه، نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر به‌لاڕێدابردنی داوای خه‌ڵك له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك و قۆستنه‌وه‌ی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی نیشان دا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌‌ چه‌ندین ده‌زگای حكوومه‌ت و باره‌گای حزبی سوتێنران. ئه‌نجومه‌ن سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و ڕووداوانه‌‌ كرد و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ برینداران خواست، داوای له‌ هاوڵاتیانیش كرد زیاتر چاوكراوه‌ بن و به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ داوای مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن، ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ كه‌سێك توندوتیژی به‌كاربهێنێت چونكه‌ ده‌زگا حكوومییه‌كان ده‌زگای گشتین و پاراستنیشیان ئه‌ركێكی گشتی یه. داوای له‌ هێزه‌كانی ئه‌منیش كرد گیانی خۆپیشانده‌ران بپارێزن.

دواتر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی سەردانی فەرمیی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەڵمانیا، كۆبوونەوە و دیدارەكانیان لەگەڵ خاتوو ئەنگێلا مێركل ‌ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و بەڕێز وەزیری دەرەوە ــ جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیری بەرگری و لیژنەكانی پەیوەندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا، پێشكەش كرد كە تیایدا چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، یەكڕیزی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم، جەختی لەسەر كرانەوە.

دووپاتیشی كردەوە كە ئەڵمانیا و فه‌ڕەنسا پشتگیری لە حكوومه‌تێكی به‌هێز له‌ هەرێمی كوردستان دەكەن و له‌ هاوكارییكردنی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن. ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌وان سیاسەتی ئێستای عێراقیان بەرامبەر هەرێمی كوردستان قبووڵ نییە و بەو مەرجە‌ هاوكاریی عێراق دەكەن، كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات لە چوارچێوەی دەستووردا.

ئەنجومەنی وەزیران سەردانەكەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستانی بۆ ئەڵمانیا بە سەركەوتوو و بەرهەمدار وەسف كرد.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی لە هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشی بە تاكە چارەسەری كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زانی.

سەبارەت بە ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ هه‌ردوو فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیش كه‌ دوێنێ له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌‌ بڵاوكرایه‌وه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكاره‌ یاساییه‌كانی هاتوو له‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 3ی ساڵی 1992 مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ بكرێت، تا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان چوارچێوه‌ی یاسایی وه‌رده‌گرێت، له‌سه‌ر ڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتیان به‌رده‌وام بن. دووپاتیشی كرده‌وه‌ بەر لە بڕیاری خۆكشاندنه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت‌، پێویست بوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ چوارچێوه‌ی یاسای ئەنجومەنی وەزیراندا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا‌ كردبا.

لە بەشێكی دیكەی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای چاكسازی، ڕێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی، خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و لەلایەن بەڕێز د. ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناوەرۆك و ووردەكاری پڕۆژە یاساكە بۆ ئامادەبووان شیكرایەوە. بنەما سەرەكییەكانی ئەم پڕۆژە یاسایە لە دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان خرانەڕوو بە ئاڕاستەی ڕێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە سەرجەم كەرتەكانی شارستانی، سەربازی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی، بەرپاكردنی دادپەروەری و یەكسانی لە خەرجكردنی مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەكانی تر و بەرگرتن لە سوودوەرگرتنی نایاسایی لە تەرخانكراوەكانی بودجەی گشتی لە پێناو زامنكردنی مووچەی مووچەخۆر، خانەنشین، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، كەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و سوودمەندانی تری شایستەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش بۆ ئەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینەی شایستە، نەبێتە قوربانی خەڵكانی ناشایستە.

دوای پێشكەشكردنی چەند تێبینی و سەرنجێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاساكەی پەسەند كرد و دەستخۆشی لە ئامادەكارانی پڕۆژە یاساكە كرد لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، چه‌ند لیژنەیه‌كی پەرلەمان، دامەزراوەكانی چاودێری دارایی و دەسپاكی، داواكاری گشتی و ئەنجومەنی شوورا. بڕیار درا پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن و كەوتنەبواری جێبەجێكردنەوە كە كاریگەرییه‌كی بەرچاوی دەبێت لە كەمكردنەوەی خەرجی گشتی و بەرجەستەكردنی دادپەروەری لە بواری ئەرك و مافی مووچەخۆرانەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی شارەزایانی سه‌ندۆقی دراوی نێودەوڵەتی خرایەڕوو بۆ دەستەبەركردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەنجومەنی وەزیران ئەم هەوڵانەی بەرز نرخاند و دەستخۆشی لێ كردن.

سەبارەت ڕێكخسته‌وه‌ی مووچەی هێزەكانی ئاسایش، ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە، دوای خستنەڕووی چەند پێشنیاز و تێبینییەك له‌لایه‌ن ئاماده‌بوونه‌وه‌، ئەنجومەنی وەزیران ئەو لیژنە وەزارییەی ڕاسپارد كە كار لەسەر ئەم بابه‌تە دەكات لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بن تا ده‌گه‌ن بە ئەنجامێك ڕێكخستنه‌وه‌كه‌ كاریگه‌ریی زۆری نه‌بێت له‌سه‌ر ژیان و بژێوی ئه‌و هێزانه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی مووچه‌كانیان كه‌مه،‌ چونكه‌ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییان له‌ تێكشاندنی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش و به‌رگریكرن و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ئه‌م ڕۆڵه‌یان به‌رز ده‌نرخێنێت‌.