حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 JAN 2018 08:29 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى و كونسلى نوێى توركیا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ ئه‌نقه‌ره‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

THU, 4 JAN 2018 13:33 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز هاكان كاراچاى كونسلى نوێى توركیا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ری كرد.


له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز كونسلى نوێى توركیا، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵی به‌ دیداره‌كه‌، تیشكى خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانى كونسولخانه‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر و جه‌ختى له‌ به‌ره‌وپێشبردن و په‌ره‌پێدانى زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌وڵدان و هاوكاریكردن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشان دا.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزبایى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ به‌ڕێز كونسلى نوێى توركیا كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ڕوانێت كه‌ ڕۆژانی ته‌نگانه‌ی به‌رله‌ ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 و دوای ئه‌وه‌ش هه‌میشه‌ توركیا هاوكار بووە و پشتگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئێستا و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند كه‌ توركیا وه‌ك دراوسێیه‌كی گرنگی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌توانێت ڕۆڵێكی ئه‌رێنی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عیراقی فیدراڵدا بگێڕێت.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.