حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 28 MAY 2018 12:49 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى نامه‌یه‌كى له‌ سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پێده‌گات

FRI, 5 JAN 2018 15:43 | KRG Cabinet

به‌ڕێز ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌خت له‌وه‌  ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌، له‌ ڕێگه‌ى دانوستانێكى سیاسییه‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن و ده‌ڵێت: "هه‌ردوولا هانده‌ده‌م هه‌نگاوى پێویست بۆ ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بنێن تاكو بتوانن تیایدا دانوستانێكى ڕاسته‌قینه‌ ئه‌نجام بده‌ن".

له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خۆشحاڵیى خۆى نیشان ده‌دات كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ له‌ چه‌ندین بۆنه‌ى ئاشكرا‌دا، كرانه‌وه‌ى خۆیان بۆ دانوستان ده‌ربڕیوه‌.

له‌ نامه‌كه‌یدا بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، به‌ڕێز گۆتێرێس هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: "له‌پێناو به‌ره‌وپێشچوونى ئاشتبوونه‌وه‌ى نیشتمانى و به‌هێزكردنى زیاترى ئارامى له ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ى كه‌ هێشتا ڕێكخراوى داعش دروستى ده‌كات، پێویسته‌ ئه‌و ئارامییه‌ى هاتۆته‌ ئاراوه‌، بپارێزێت".