حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 21 APR 2018 08:18 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی پێشوازى له باڵیۆزی نۆروێژ له عێراق و ئوردن كرد

TUE, 6 MAR 2018 16:46 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 6/3/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له خاتوو تۆن ئه‌له‌رس باڵیۆزی نوێی نۆروێژ له عێراق و ئوردن و شاندێكی یاوه‌ری كرد.


له دیارێكدا خاتوو ئه‌له‌رس خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشی له پێشوه‌چوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد سه‌ره‌ڕای ئه‌و بارگرانییه‌ی له‌سه‌ریه‌تی. به‌ڕێزیان سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كرد بۆ پاراستن و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستانیشی به‌رز نرخاند.

له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه دا باس له بارودۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا كرا و له‌مباره‌یه‌وه خاتوو ئه‌له‌رس پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ دیالۆگێكی جددیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، نیشان دا.

لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی نۆروێژی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دوا دیداری خۆی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ له داڤۆس و حه‌واندنه‌وه و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاوار و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یى له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد و پشتگیریى حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ پاراستن و بره‌ودانى زیاتر به كولتووری پێكه‌وه‌ژیان ده‌بڕی.

له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لایه‌نگری گفتوگۆی جددیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه و هیوای به‌رده‌وامیی بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه خواست، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه هه‌ندێك كێشه هه‌یه ده‌توانرێت به زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن و هه‌ندێكی دیكه‌ش پێویستیان به كات و دیالۆگی زیاتره‌.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.