حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 11 DEC 2018 14:47 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌

WED, 21 NOV 2018 13:39 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21/11/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز پۆل گیبارد باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق و خاتوو نانسی بێرگیرۆن سه‌رۆكی نووسینگه‌ی كه‌نه‌دا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێز گیبارد خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی داعش و حه‌واندنه‌وی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر ده‌ربڕی و پوخته‌یه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی به‌رنامه‌ و چالاكی و هاوكارییه‌كانیان بۆ ‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌  كه‌نه‌دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری یه‌كسانیی جه‌نده‌ری، به‌شداریی كارای ئافره‌ت له‌ جومگه‌كانی بڕیار و پرسی حوكمڕانی و لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كات.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی ئه‌مڕۆ و قۆناغی نوێی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خسته‌ ڕوو و تیشكی خسته‌ سه‌ر قۆناغی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا و ڕۆڵی كه‌نه‌دای له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رز نرخاند.

تاوتوێكردنی دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ی ڕه‌وش و ڕۆڵی ئافره‌تان، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كه‌نه‌دا و به‌ره‌وپێشبردنیان و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان