حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 11 DEC 2018 15:10 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی: پێویسته‌ ژنان چاو له‌ توندوتیژییه‌كان نه‌پۆشن

SUN, 25 NOV 2018 17:35 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥/١١/٢٠١٨، بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم و یان كۆبیش نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق و كونسول و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و ئافره‌تانی چالاكوان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا هەڵمەتی نیشتمانیی ساڵانە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان ڕاگه‌یه‌نرا.

لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئاماده‌كارانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ و ئاماده‌بوانه‌وه‌، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش كرد و تیایدا جیا له‌ به‌خێرهێنانی میوانانی بیانی و ناوخۆی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان کرد بەبۆنەی ئـەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی تەمەنی حکوومەتی ھەرێمدا بەدیهاتوون، لەوانە گۆڕانکاری لە یاساکان کە بووەتە هۆی پێشکەوتنی گەورە لە کۆمەڵگەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بە ئەرکی ژنانی چالاکی کوردستانی زانی چاو لەو توندوتیژییانە نەپۆشن کە ڕۆژانە لێرە و لەوێ لە دژی ژنان ڕوودەدەن، چونکە ئەو فشارانە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێراتر دەکەن. گوتیشی، حکوومەت و پەرلەمان بەبێ پاڵەپەستۆی ژنان ناتوانن بە تەنیا کار بکەن و دەتوانن لە ژێر پاڵەپەستۆی ئەواندا بەرەو یەکسانیی نێر و مێ لە کۆمەڵگە هەنگاو بنێن.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئـافرەتان، ژمارەیەک پڕۆژەی حکوومەتی خستەڕوو کە لەلایەن پەرلەمانەوە بوونە یاسا بۆ پاڵپشتی لە مافی ئـافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی. هەروەها باسی لە هێڵی گەرمی (119)ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان کرد کە له‌ سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌سته‌، ئەمە جگە لە بوونی کۆمەڵێک سەنتەری ڕاوێژکاریی خێزانى کە بە هاوکاریی ئاژانسه‌كانى (UN) له‌ ڕووى یاسایى و ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ڕاوێژ و ڕێنمایى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. لەو ڕووەوە هانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دا کە چاوپۆشی لە پرسی توندوتیژی نەکەن و ڕوووداوە نەرێنییەکان بخەنە بەردەم ڕای گشتی.

بەڕێز سەرۆک وەزیران، گرنگیپێدان بە ئازادیی ژنان و بەشدارییان لە بوارە کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم و لایەنە کاراکانی دیکەی ناو کۆمەڵگەی کوردستان دانا و بەشداریی بەرچاوی ژنانى لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئـەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکاندا بە نموونەیەکی زیندووی ئەو هەنگاوانە هێنایەوە.

بەڕێزیان وێڕای ئاماژەدان بە هەندێ کردەوەی دوور لە یاسای ناو کۆمەڵگە کە هەمیشە جێی گلەیی و ڕەخنەی هاووڵاتییان بووە، لەوانە فرەژنی و مارەکردنی ژن لە دەرەوەی دادگاکان و گه‌وره‌ به‌ بچووك، گوتی کاتێکی زۆری دەوێ تا کۆمەڵگە خۆی بگۆڕێت و ناکرێت هەموو شت بە زەبری سزا بگۆڕدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەو یاسا و ڕێنوێنییانەی حکوومەت کرد کە پێچەوانەی ڕەخنەکان، سەرکەوتنی باشیان بەدی ھێناوە و پشتی ئـافرەتیان زۆر بەھێز کردووە.

لە درێژەی وتارەکەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، پرسی یەکسانیی تەواوى لە هەر دوو ڕەگەزدا، نەک تەنیا به‌ کێشەی کۆمەڵگەی كوردی، بەڵکوو بە کێشەیەکی گشتی له‌ زۆر وڵاتى جیهان لەقەڵەم دا، لەگەڵ ئەوەشدا قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و داڕشتنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لەسەر بنەمای یەکسانی، بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی گۆڕینی کولتووری کۆمەڵگە وەسف کرد و لەو ڕووەوە گۆڕانکاری لە ڕۆشنبیری و پەروەردەی مامۆستایاندا بە پێویست زانی کە ئەویش کاریگەر دەبێ لە دروستکردنی گۆڕانکاریی سەرەکی لە بیرکردنەوەی تازە لای پەروەردەی منداڵ و نەوەکان.

بەڕێزیان، تیشکی خستە سەر شێوازەکانی توندوتیژی کە کاریگەریی نەرێنییان دروست کردووە و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی بە پێویست دانا بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، لەو بۆنەیەدا جارێکی دیکە داوای لە ڕاگەیاندنی کوردستان کرد کاراتر بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و سەرکوتینەوەی جێندەر و لەو ڕووەوە سووربوونی حکوومەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەی زوڵم دووپات کردەوە. هەروەها ڕووی لە مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژی مزگەوتەکان کرد کە بە چاوی سەردەمیانە سەیری بارودۆخی ژیان بکەن.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، مێژووی سەدان ساڵەی کۆمەڵگەی کوردستانی بە بێر هێنایەوە کە بە ڕێزگرتن لە مافی ژن ناسراوه‌ و جگە لە خوێندەوەی هۆنراوەیەکی ئـەحمەدی خانی لەسەر بوونی ئازادی و یەکسانی لە کۆمەڵگەدا، ڕێنوێنییەکی سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی بۆ ئامادەوبووان باس کرد دەربارەی نەھێشتنی چەوساندنەوەی ژن، لەوانە نەھێشتنی فرەژنی و ڕێزگرتن لە ویستی کچ لە کاتی شووکردندا و قه‌ده‌غه‌كردنى گه‌وره‌ به‌ بچووك، هەربۆیە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ درێژەدەری مێژووی خۆمان بین و پێشکەوتنەکانی دنیاش بۆ خۆمان بقۆزینه‌وه، نەک هێنانی بیری دواکەوتوو لە شوێنانی دیکەوە بۆ وڵاتەکەمان.

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی وتارەکەیدا بە بۆنەی هەڵمەتی نیشتمانیی ساڵانە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان کرد کە تیایدا ئـافرەتانی کوردستان تووشی چەوسانەوە و زوڵمی زۆر بوونەوە، چ لە سەردەمی بەعس و کارەساتەکانی ئەنفال و دواترینیان زوڵمی داعش بەرامبەر بە ئـافرەتانی ئـێزدی کە ئەمەیان برینێکە لە جەستەی كوردستاندا زوو چاره‌سه‌ر نابێت. لەو بۆنەیەدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە خاتوو (نادیە موراد) کرد کە وەک ھێمایەک بۆ چەوساندنەوەی ئـافرەتانی ئـێزدی، توانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئـاشتی وەربگرێت، هاوکات دەستخۆشی لە ھەموو ئـەو لایەنانە کرد کە ھاوکار و چالاکن لە بواری بەگژداچوونەوەی توندوتیژیی جێندەریدا.

ئەمەش دەقی وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانه‌:

ئـامادەبوانی بەڕێز
به‌یانیتان باش،

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى ئەمساڵمان بۆ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان.
دەمەوێ سەرەتا پیرۆزبایی لە ئـافرەتانی کوردستان بکەم کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی بوێرانە ڕووبەڕووی بەکارھاتنی توندوتیژی دەبنەوە، ھەروەھا پیرۆزبایییان لێ بکەم بۆ ئـەو دەسکەوتانەی کە لە ماوەی تەمەنی حکوومەتی ھەرێمدا بەدی ھاتوون.
ئـەگەر ئـەو دەسکەوتانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئـەو توندوتیژییانەی ئـەمڕۆ ڕوو دەدەن، ده‌بینین به‌تایبه‌تى له‌ ڕووى گۆڕینى یاساكانه‌وه‌ پێشکەوتنی گەورەیان بەدی ھێناوە کە نابێ نه‌یانبینین، یان له‌ بایه‌خیان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.
بەڵام ھەر یەکێک لە ئـێوە مافی خۆیەتی زیاتر لە دەسکەوتەکان، ئـەو تونـدوتـیژییانە ببینێ کـە ڕۆژانـە ڕوو دەدەن. بەتایبەتی ژنانی چالاك کە ئـەرکی سەرشانیانە لە ھیچ یەکێک لەو توندوتیژییانە چاوپۆشی نەکەن.

به‌ڕێزان،
ئـێمە پێویستیمان بە پاڵەپەستۆی ژنانە بۆ ئـەوەی بتوانین لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا ھەنگاو بنێین.  پرسی ئافرەت یان توندوتیژی، پرسی کولتوورێکی کەڵەکەی سەتان ساڵەیە، حکوومەت و پـەرلـەمانی کوردستان نـاتـوانـن بە تەنیا کار بکەن ئـەگەر لەلایەن ژنان خۆیانەوە، پاڵەپەستۆیەک نەبێت! ئـێمە ھەموو نەرمییەکمان تێدایە بۆ ئـەوەی لەژێر ئه‌و فشاره‌ی ئـەواندا ھەنگاوی پێویست لەپێناو بەرژەوەندیی یەکسانیی نێر و مێدا بنێین.

لە ساڵه‌كانی (2000)یشەوە، کۆمەڵێک پرۆژەمان خستە بەردەم پەرلەمان و ئەوانیش یاسای پێویستیان بۆ پاڵپشتی لە مافی ئـافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەرکرد کە ئـێستا دامودەزگای تایبەت بەخۆیان ھەیە بۆ بەدواداچوون.
جگە لەوە، چیمان لە دەست ھاتبێ بۆ پشتیوانی لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئـافرەتان کردوومانە. 
هێڵى گه‌رمى (119)ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان به‌ هاوكاریى (UNFPA) له‌ سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌سته‌. سه‌نته‌ره‌كانى ڕاوێژى خێزانى به‌ هاوكاریى ئاژانسه‌كانى (UN) كراونه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕووى یاسایى و ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ڕاوێژ و ڕێنمایى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سوپاسی به‌ڕێز یان كۆبیش، نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شداره‌. بێگومان به‌شداریی به‌ڕێزیان نیشانه‌ی پشتیوانیكردنه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان كه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ھەروەھا ھانی ڕاگەیاندنمان داوە کە چاوپۆشی لە پرسی توندوتیژی نەکەن و ھەموو ڕوووداوێکی نەرێنی و ناشیرین بخەنە بەردەم ڕای گشتی.

ئـێمە لە ھەرێمی کوردستان ڕێگەمان خۆش کردووە بۆ ئـەوەی ڕەگەزی مێ لە ھەموو بوارە گشتییەکانی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بێتە پێشەوە و ڕۆڵی خۆی ببینێ. وەک خۆتان دەبینن ئـەم بەشدارییەی ژنان لە ھەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمان و ئـەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکاندا، ڕوون و بەرچاون.

سیاسەتی ھەرێمی کوردستان چ وەکو حکوومەت و چ وەکو لایەنە کاراکانی تری ناو کۆمەڵگەی کوردستان، ڕۆڵێکی زێدە گرنگی گێڕاوە لەوەدا کە ئـافرەتانی کوردستان چالاکتر و ئـازاتر بکەونە بەرچاو، بەتایبەتی لە ھەردوو بواری خوێندن و کارکردندا. ئـەمڕۆ لە کاری دامودەزگاکانی حكوومه‌تدا، ھیچ جیاوازییەک لەنێوان نێر و مێدا نەماوە.

زۆر جار گوێمان لە ھەندێک گلەیی دەبێ کە دەڵێ یاسا و ڕێنوێنییەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی مافی ئـافرەتان بەپێی پێویست جێبه‌جێ نه‌كراون. دەمەوێ باسی ئـەم ڕەخنەیەتان بۆ بکەم و نموونەیەک بھێنمەوە:

ئـەگەر کۆمەڵگەی کوردستان ھێشتا ژن لە دەرەوەی دادگە مارە بکات، کە باوک و برا و خزم و کەس کارەکە ده‌كه‌ن، ھەروەھا مامۆستاى ئایینى مارەبڕینەکە جێبەجێ بکات، یان هه‌ندێ جاریش ئـەوانەی فرەژنی دەکەن، خۆیان کەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بن، یان کادیری ڕاگەیاندن و مامۆستا بن، پرسیارەکە ئـەمەیە: یاسا لەم مەسەلەیەدا چی بکات و چۆن ئـەم ھەموو خەڵکە سزا بدات؟!

وەک دەبینن ئـەمە کێشەیەکی ئـاڵۆزە و کاتێکی زۆری دەوێ تا کۆمەڵگە خۆی بگۆڕێت، نەک ئـێمە بێین هه‌موو شتێك بە زەبری یاسا و سزا بگۆڕین! ھەرچەندە یاسا و ڕێنوێنییەکانی حکوومەت بە پێچەوانەی ڕەخنەکانی كه‌ ده‌گیرێن، سەرکەوتنی باشیان بەدی ھێناوە و پشتی ئـافرەتیان زۆر بەھێز کردووە، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ ده‌زانین، تێده‌گه‌ین ڕێگه‌یه‌كی دوور و درێژمان ماوه‌ كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین.

به‌ڕێزان،
کێشەی کولتوور تەنیا لە ڕێگەی پەروەردەی قوتابخانەیییەوە دەگۆڕێت بە جۆرێک پرۆگرامەکانی خوێندن بە شێوەیەک بن کە یەکسانییان تێدا ڕەنگ بداتەوە. ھەروەھا ڕۆشنبیری و پەروەردەی مامۆستایان گۆڕانیان بەسەردا بێت. ئـێمە ڕەنگە بتوانین لە ڕێگەی یاسا و سزاوە بەشێک له‌ کۆمەڵگە بگۆڕین، بەڵام گۆڕینی سەرەکی تەنیا بە دروستکردنی بیرکردنەوەی تازە لای پەروەردەی منداڵ و نەوەکان جێبه‌جێ دەبێت.
حکوومەتی ھەرێمى كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا یاسای پێویستی بە ڕادەیەکی باش دەرکردووە و دامودەزگای تایبەتی دانـاوە بۆ لێپێچینەوە لەو بارانەی ڕوو دەدەن. دادگاکان و دامودەزگای پۆلیسیش ئـەرکی سەرشانی خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. بەڵام با ئـەوەش ڕوون بێت کە پرسی یەکسانیی تەواو لە دوو ڕەگەزەکەدا، کێشەیەکی گشتییە له‌ زۆر وڵاتى جیهان، نەک تەنیا کێشەیه‌كی تایبه‌ت به‌ کۆمەڵگەی ئـێمە بێت.

با کچان و ژنان و ئـافرەتانی کوردستان لە ڕاگەیاندندا دەنگی خۆیان بەرز کەنەوە. با لە ئـاست ھەموو چەوسانەوەیەک و دیاردەیەکی دواکەوتوودا ئـەوان جموجۆڵ پێشان بدەن. با بزانن کەوا حکوومەت ناتوانێ تەنیا ئەم کارە بكات. پێشینان وتوویانە: چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
خۆتان دەزانن توندوتیژی زۆر شێوەی ھەیە کە ھەر یەکەیان کاریگەرییەکی نه‌رێنى دروست دەکەن، ھەموو ئـەمانە پێویستییان بە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە ھەیە پێش ئـەوەی ڕووبەڕوویان ببینەوە.

لێرەدا، داوا لە ڕاگەیاندنی کوردستان دەکەم ھێشتا کاراتر بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێندەر.  پێیان دەڵێم ئـەگەر لە ھەموو مەسەلەیەکدا کەلێن و بوارێک ھەبێ بۆ خاوی و سستی، دڵنیا بن لەم مەسەلەیەدا ھیچ کەلەبەر و بوارێک نییە بۆ خاوی و سستی، یان بۆ خۆدزینەوە. ئـێمە تا سەر ئـێسقان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی زوڵمداین.

ھەروەھا داوا لە مامۆستایانى به‌ڕێزى ئـاینی و وتاربێژی مزگەوتەکان دەکەم کە بە چاوی سەردەمیانە سەیری بارودۆخی ژیان بکەن. کۆمەڵگەی کوردستان سەتان ساڵ پێش ئـێستا بە کۆمەڵگەی ڕێزگرتن لە مافی ژن ناسراوه‌. گەڕیدە ڕۆژئـاوایییه‌كان لە سەدەی شازدەوە چەندین کتێبیان لەبارەی کوردستانەوە داناوە كه‌ باسی ئـازادیی ژنانی کوردستان ده‌كه‌ن!

مامۆستای گەورەمان ئـەحمەدی خانی لە شاکارە مەزنەکەیدا (مەم و زین)، باسی لەم ئـازادییە کردووە و وتوویەتی، من ئـەم چیڕۆکەم بۆیە نووسی ھەتا خەڵکانی نەناس و بیانی نەڵێن کچان و کوڕانی کورد ئـازاد نەبوون لە یەکسانی و گۆڕینەوەی ھەستی خۆشەویستیدا:

دا خەلق نەبێژتن کو ئـەکراد
بێ مەعریفەتن، بێ ئـەصڵ و بنیاد

ھەم ئـەھلێ نەزەر نەبێن کو کورمانج
عشقێ نەکرن ژ بۆ خوە ئـارمانج

ھەر لەو سەردەمەدا شێخ عەبدولسەلامی بارزان زۆر ڕێنوێنی دەرکردووە بۆ نەھێشتنی چەوساندنەوەی ژن، لەوانە نەھێشتنی فرەژنی و ڕێزگرتن لە ویستی کچ لە کاتی شووکردندا، هه‌روه‌ها پرسی گه‌وره‌ به‌ بچووك كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش له‌ هه‌ندێك شوێن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌ و شتێكی تا بڵێی ناشرینیشه‌.

ئـێمەی نەوەی ئـەم سەردەمە، وەچەی بیر و ھزری ئـەو پیاوە گەورانەین و دەبێ بەدوای ئـەواندا بڕۆین، نەک بیری دواکەوتوو لە شوێنانی ترەوە بهێنین بۆ وڵاتی خۆمان و بیكه‌ین به‌ به‌شكێك له‌ ژیانی ڕۆژانه‌مان.

ئـێمە دەبێ درێژەدەری مێژووی خۆمان بین و پێشکەوتنەکانی دنیاش بۆ خۆمان بقۆزینه‌وه،‌ لەبەرئـەوەی پێشکەوتنەکانی دنیا دوای ئـەزموونی تاڵی گەلان ھاتوون و دەسکەوتی ھاوبەشن لەنێوان مرۆڤایەتیدا. ھیچ شەرم و لاساییکردنەوە نییە ئـەگەر ئـێمە ئـەزموون لە پێشکەوتنی گەلانی تر له‌ دنیا فێر ببین و جێبه‌جێیان بكه‌ین.

پێشکەوتنی تەکنیکی لەم سەردەمەدا شتێکی گەورەی پێچەوانە کردووەتەوە کە دەبێ ئـێمە لێی ئـاگەدار بین، ئـەویش ئـەوەیە کە سەردەمی جاران کاتێک پیاو دەگەڕایەوە ماڵ، ژن دەیپرسی ئـاخۆ دەنگوباس لە دەرەوە چییە؟! بەڵام ئـێستا پیاوان و ژنان وه‌ك یه‌ك و به‌ بۆچوونی من ژنان زیاتریش له‌ پیاوان ئاگادارن، ئاگاداری هه‌موو ده‌نگوباسێكن، ئاگاداری هه‌موو ورده‌كارییه‌كن كه‌ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌وان كاتیان زیاتره‌ و به‌رده‌وام سه‌یری سۆشیال میدیاش ده‌كه‌ن بۆیه‌ زیاتر ئاگادارن.

لە کۆتاییدا دەڵێم ئـافرەتانی کوردستان لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریی گەلی ئـێمەدا، چەوسانەوە و زوڵمی زۆریان چەشت، چ لە بەندینخانەکانی ڕژێمی بەعس و چ لە کردەوەکانی ئـەنفالی ساڵی ١٩٨٣ی بارزانییەکان یان ئـەنفالەکانی ساڵی ١٩٨٨دا، مەگەر تەنیا مێژوو بتوانێ ئـەو چیڕۆکانە بۆ نەوەکانی داھاتوو بگێڕێتەوە. دوا ئـەڵقەی ئـەو زوڵمانەش ئـەوە بوو کە ڕێکخراوی دڕندەی داعش لە ٢٠١٤ەوە به‌رامبه‌ر به‌ ئـافرەتانی ئـێزیدی کردی. ئـەمەش برینێکە لە جەستەی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا كه‌ كه‌وا به‌ ئاسانی چاره‌سه‌ر نابێت.

لەم بۆنەیەدا جارێکی تر پیرۆزبایی لە خاتوونی بەڕێز نادیە موراد ده‌كه‌م کە وەک ھێمایەک بۆ چەوساندنەوەی ئـافرەتانی ئـێزیدی بووە بە وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئـاشتی.

دەستخۆشی لە ھەموو ئـەو لایەنانە دەکەم کە چالاکن لە بواری بەگژداچوونەوەی توندونیژیی جێندەریدا، یان ھاوکار و یارمەتیدەرن.

سڵاو لە گیانی ئـەوانەی کە بوون بە قوربانی له‌م ڕێگه‌یه‌دا.
سڵاو لە هه‌موو ئه‌وانه‌ى بەردەوام لە خەباتدان بۆ ئه‌و یه‌كسانییه‌ و کەمکردنەوەی کەلەبەری نێوان ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ.

سوپاس بۆ ئـامادەبوونی ھەموو لایەکتان. ئـێمە دەست لەناو دەست ھەنگاو دەنێین و بەرەوپێش دەڕۆین.

هیواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم. هه‌موو لایه‌كتان له‌ كونسولانی بیانی، نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامانی پێشوو و ئێستای په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌.

زۆر سوپاس
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان