حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 11 DEC 2018 14:19 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای فه‌ره‌نسى كۆبووه‌وه‌

SUN, 25 NOV 2018 17:15 | KRG Cabinet

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25/11/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای فه‌ره‌نسی كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان خاتوو ماریێل دو سارنێز سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا و كلۆد گۆزاگن و خاتوو دێلفن ئۆ، ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ و بڕۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و دۆمنیك ماس كونسولی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌م سه‌ردانه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و نه‌به‌ردیی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر به‌رز نرخاند.

شانده‌كه‌ به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان بۆ دروستكردنی متمانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ گرنگ وه‌سف كرد.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی فه‌ره‌نساى بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد به‌تایبه‌تی ساڵی ڕابردوو كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك ماكرۆن سه‌ركۆماری فه‌ره‌نسا پاڵپشتیی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ی كرد.

به‌ڕێزیان ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی له‌ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی داعش و لێكه‌وته‌كانی به‌تایبه‌تی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌ به‌غدا و هه‌ولێر كرد و پشتگیریی خۆی بۆ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نیشان دا تاكو حكوومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو بكه‌وێته‌ سه‌ركار و سه‌قامگیری و دۆخێكى باشى ئابووری بۆ ناوچه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان