حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 23 MAY 2019 04:01 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ڤاتیكان كۆده‌بێته‌وه‌

THU, 27 DEC 2018 18:51 | KRG Cabinet

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27/12/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌  کاردینال پیترۆ پارۆلین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان و شاندێكی یاوەری کرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێزیان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و دیداری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران نیشان دا و ستایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ جێگیركردنی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی له‌نێوان پێكهاته‌كاندا و ڕۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها پشتگیریی ڤاتیكانی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

به‌ڕێزیان سوپاسی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ‌ پێشوازیكردنیان له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ په‌نابه‌ران به‌تایبه‌تی ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان و‌ هه‌ردوولا به ‌پێویستیان زانی به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان،‌ سه‌قامگیری و ئاسایش و خزمه‌تگوزاری له‌ ناوچه‌كانیان فه‌راهه‌م بكرێن.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ی كرد و دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كریستیانه‌كان به‌شێكی گرنگ و سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانن كه‌‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی دێرین و مێژووییان له‌م وڵاته‌ هه‌یه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێم كاری جددی كردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ جێگیركردنی زیاترى بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و ڕێزله‌یه‌كترگرتن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ گرنگییه‌كی زۆر به‌م بواره‌ ده‌دات و هه‌نگاوی كرده‌یى له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ڵێناوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا دۆخى كریستییه‌كانه‌كان به‌گشتى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان و داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق باس كرا و جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق كرایه‌وه‌. هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ چاره‌سه‌رى سه‌ربازى بۆ له‌ناوبردنی توندوتیژی و تیرۆر به‌س نییه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌ڕووی فكری و په‌روه‌رده‌یی و كولتوورییه‌وه‌ ڕێگرى له‌ توندوتیژى و تیرۆر‌ بكرێت.

تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و پێشهاته‌كان له‌ سووریا به‌تایبه‌تى، به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان