حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 21 MAR 2019 03:08 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی پێشوازى له‌ وه‌زیرى پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن كرد

THU, 7 MAR 2019 14:47 | KRG Cabinet

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7/3/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێزان د. تارق ئەلحمووری وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن، مونتەسەر عەقلە باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و هەیسەم ئەبولفوول كونسوڵی شانشینی ئوردن لە هەولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ئه‌لحمووری خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و ئوردن كرده‌وه‌ و هیوای خواست زیاتر په‌ره‌یان پێ بدرێت به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی بازرگانی و بانكیدا، هه‌روه‌ها پشتگیریی خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌می شای ئوردن و حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هه‌ڵوێسته‌ گرنگ و پڕ بایه‌خه‌كانی خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌می له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئوردن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا، هه‌روه‌ها هیوای خواست بزنسمان و خاوه‌نكارانی ئوردنی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئه‌و‌ ده‌رفه‌ته‌ باشه‌ى بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، بقۆزنه‌وه‌‌.

تاوتوێكردنی دۆخی دوای شه‌ڕی داعش و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئوردن و بنه‌بڕكردنی تیرۆر به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان