حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 17 JUN 2019 00:29 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ستانداردی یونیکۆدی زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت بە فەرمی کرد

MON, 15 DEC 2014 23:45 | DIT.GOV.KRD

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێکی فەرمی کیبۆردی ستانداردی یونیکۆد و فۆنتی کوردی کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ئامادە کراوە دیاریکرد بۆ نووسینی نوسراوەكانی حكوومەت وە دەستبەرداربوون لە بەكارهێنانی هەر کیبۆردێکی تر کەوا لەسەر بنەمای نا یونیکۆد کاردەکەن.
 
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نوسراوی ژمارە (8201)ی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە 15ی 12ی 2014 چەند بڕیارێكی سەبارەت بە بەکار‌هێنانی تەختە کلیلی یونیکۆد و فۆنتی یونیکۆد و ستانداردی یونیکۆدی پیتی کوردی دەرکرد وەکو ستانداردێکی یەکگرتووی نووسین لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەپێی ئەم بریارە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت تەختەکلیلی یونیکۆد و فۆنتی یونیکۆدی کوردی بەکاربهێنن وەکو تەنها سەرچاوەی نوسین.
 
لە درێژەی جێبەجێکردنی کار و پرۆژەکانیدا بۆ خزمەتکردنی بواری تەکنەلۆجیای زانیاری لە هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری تەختەکلیلی یونیکۆدی کوردی خستە بەردەستی بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر بۆ سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەت. بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر دەتوانن تەختە کلیلی یونیکۆدی کوردی بەکاربهێنن وە ڕزگاریان ببێت لە کێشەی نووسینی کوردی بە کۆدی جیاجیا و دابەزاندنی تەختەکلیلی جۆراوجۆر غەیرە یونیکۆد بۆ نوسینی کوردی .
 
فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بە شێوەیەکی فەرمی تەختەکلیلی یونیکۆدی کوردی بە هەردوو شێوە نووسینی پیتی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەکردووە بۆ بەکارهێنەرانی زمانی کوردی. ئەم تەختە کلیلە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن گوگڵ ناسراوە. بەکارهێنەرانی زمانی کوردی لە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکانی گوگڵدا دەتوانن ڕاستەوخۆ تەختە کلیلی یونیکۆدی کوردی بەکار بهێنن بەمەش ڕزگاریان دەبێت لە کێشە و گرفتی نووسین بە زمانی کوردی کە یەکێک بوو لەو گرفتانەی رۆژانە بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت ڕووبەرووی دەبوونەوە.
 
لە بنەما سەرەکییەکانی زمانی هەر نەتەوەیەک لە جیهانی تەکنۆلۆجیای زانیاریدا پێویستە کە پیت و هێماکانی ئەو زمانە لە خشتەی ستانداردی زمانەکاندا کۆدی تایبەت بەخۆی بۆ دابین بکرێت. گرنگترین خشتەی ستاندارد بۆ کۆدەکان و شێوازی پیت و هێماکان لە جیهاندا خشتەی "ستانداردی یونیکۆد The Unicode Standard"ە. 
 
ڕێککەوتن لەسەر ئەو کۆدانەی کە پیتەکانی زمانی کوردی پێناسە دەکەن چیتر بابەتێک نییە بتوانین چاوپۆشیی لێ بکەین یان دوای بخەین. لە پێناوی پاراستنی زمانی کوردی و پەرەپێدان و گونجاندنی لەگەڵ تەکنۆلۆجیای سەردەم بەتایبەتی تەکنۆلۆجیای زانیاریدا پێویستمان بە چەسپاندن و پێناسەکردنی پیت و هێماکان هەیە وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی پێویستە خۆمان لە ئەستۆی بگرین و خۆشمان بەکاری بهێنین. 
بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، کۆمەڵێک گرووپ و شارەزای بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری خۆبەخشانە هەوڵێکی بەرچاویان داوە و زۆربەی ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە. 
لە ڕێکەوتی 2013/11/13 بە هاودەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و نوێنەرانی گرووپەکانی ئایتی لە دەرەوەی وڵات، ئەم بابەتە لە هۆڵی ئەکادیمیای کوردیدا بەتەواوی یەکلایی کرایەوە. 
 
دوای کۆبونەوەیێکی چڕوپڕ، هەموو لایەک لەسەر ستانداردێک بۆ پیت و هێماکانی زمانی کوردی ڕێک کەوتن کە بەرهەمەکەی لە ڕێگای گشتاندنێکەوە خرایە بواری جێبەجێکردن و چەسپاندنەوە. تەختە کلیلی یونیکۆدی کوردی هەنگاوێکی گرینگی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕزگاربوونی هاونیشتیمانیانی کورد لە گرفتی نووسین بە زمانی شیرینی کوردی.
 
ئەم بریارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکە بۆ ڕێکخستنەوەی زانیاری کاروباری دام و دەزگاکانی حکومەت و دانانی ستانداردێکی یەکگرتوو بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت. لەم ڕێگەیەوە سەرجەم دام و دەزگاکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و خێراتر دەتوانن زانیاریەکانیان بەڕێوە ببەن. وەهەروەها یارمەتیدەرێکی گرینگیش دەبێت بۆ ئەوەی زمانی کوردی پێگەی تایبەت بەخۆی هەبێت لە جیهانی تەکنەلۆجیای زانیاری و هەنگاوێکە بۆ بە فەرمی ناساندنی ئەم زمانە لە پاڵ زمانەکانی تری جیهان لەم بوارەدا. 
 


بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان