حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 21 NOV 2017 09:31 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و لاریجانی، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن

SUN, 18 OCT 2015 10:53 | KRG Cabinet

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 18/10/2015 لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەڕێز عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانەوە پێشوازی لێ كرا.

لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز لاریجانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربڕی. دواتر باسی لە بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و ئاماژەی بەوە دا نابێت ڕێگا بدرێت ئاژاوە و ناكۆكی لە هەرێمی كوردستان دروست ببێت كە ناوچەیەكی ئارامە و دەبێت هەوڵ بدرێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئەولەویەتی كارەكان ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر و كێشە داراییەكان بێت.

جەختی لەوەش كردەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو كاتەكاندا پاڵپشت و هاوكاری هەرێمی كوردستان بووە و لەو هاوكارییەشی بەردەوام دەبێت. لە بەشێكی دیكەی قەسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال كرد و هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەردوولا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و هاوكارییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی بۆ هەرێم بەرز نرخاند. دووپاتیشی كردەوە ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ناویانە، بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی هەرێم بووە و گفتوگۆ و دیالۆگیش لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكانی ناوخۆ.

بەڕێزیان هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەوڵ و تەقەلاكان بۆ لەناوبردنی مەترسیی داعش بەردەوامن. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات و هیوای بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی خواست. دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش جەختی لەوە كردەوە كە هەوڵەكان بەردەوام دەبن بۆئەوەی بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ كێشانەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن.