حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 20 FEB 2018 10:55 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و یان كۆبیش فراوانكردنی گفتوگۆكانی هه‌ولێر ــ به‌غدا دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

SUN, 4 FEB 2018 14:57 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4/2/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز یان كۆبیش،نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق و خاتوو ئه‌لیس والبۆل جێگری نوێی نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز كۆبیش خۆشحاڵیی خۆی به‌ گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵدا ئه‌نجام دراون، ده‌ربڕی و ئاماده‌ییی خۆی بۆ هه‌ر هاوكاری و پشتگیرییه‌ك به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی زیاتری ته‌كنیكیى نێوان هه‌ردوولا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسى ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم، نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هه‌وڵ و پشتگیرییه‌كانی به‌ڕێز كۆبیشى بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش‌ دا كه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌نگاوی زۆر ماون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵام ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی جددیتری نێوان هه‌ردوولا زانی.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.