حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 20 FEB 2018 10:56 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى و دۆگلاس سیلیمان پێشهاته‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ ده‌كه‌ن

THU, 8 FEB 2018 21:40 | KRG Cabinet

به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، دوایین پێشهاته‌كانى دیالۆگى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوولا تاوتوێ كرد، به‌تایبه‌تیش تیشكیان خسته‌ سه‌ر كارى لیژنه‌كانى تایبه‌ت به‌ بابه‌تی مووچه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌ى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى سه‌ر فڕۆكاخه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌، هه‌ردوولاش هیوایان خواست گفتوگۆكان ئه‌نجامى ئه‌رێنییان لێ بكه‌وێته‌وه‌ و ڕێگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خۆش بكرێت.


به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئێوارى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 8/2/2018 له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ به‌ڕێز سیلیمان و شاندێكى یاوه‌رى كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌كدا هه‌روه‌ها باسیان له‌ به‌شداریى شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنفرانسى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كرد كه‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا له‌ كوێت ببه‌سترێت، به‌و هیوایه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش له‌و ده‌رفه‌ته‌ سوودمه‌ند بێت و بتوانێت پشكى خۆى له‌و هاوكارى و پڕۆژانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ چاوه‌ڕان ده‌كرێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق دواى كۆتاییهاتنى شه‌ڕى دژى تیرۆر، ئه‌نجام بدرێن.


تاوتوێكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ و قۆناغى دواى كۆتاییهاتنى داعش له‌ عێراق و سووریا به‌گشتى، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.