حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 21 APR 2018 08:26 Erbil, GMT +3

قوباد تاڵەبانی: پێویستمان بە شۆڕشێکی فکری هەیە

THU, 8 MAR 2018 16:43 | KRG Cabinet

 

جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: پرسی جێندەر لە هەموو جیهان بەروپێش دەچێت و دەبێت هەموولایەک هەوڵی یەکسانی جێندەر بدەین لە هەرێم، دەبێت گۆڕانکاری بکەین و ئەم گۆڕانکاریەش پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری هەیە.

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە (8 مارس)، ئەمڕۆ 8/3/2018، لە هەولێر، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەئامادە بوونی بەڕێزان دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەت و خاتوو پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، بەشداری کرد لە کۆنفڕانسی پەرەپێدانی سەنتەرەکانی جێندەرناسی لە زانکۆکانی کوردستان.

لە وتەیەکدا، بەڕێز قوباد تاڵەبانی وێرای پیرۆزبایی لە ژنان و كچانی كوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە، تیشکی خستە سەر کێشەکانی ژنان و جێندەرناسی لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی چارەسەر کردنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کۆمەڵگاکەمان.

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە دەبێت خێزان و پەوەردە و خوێندن ڕۆڵیان هەبێت لە بەرپا کردنی یەکسانی جێندەر و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە و جێندەرناسی دەتوانن کاریگەری خۆێان هەبێت لەو بارەیەوە.

وتیشی " من ئەپرسم لە پیاوان، ئایا ئێمە بە کردەیی باوەرمان بە یەکسانی جێندەر هەیە؟ ئەگەر هەیە، پێناسەی یەکسانی جێندەر چییە؟" ئاماژەشی بەوە دا کە دەبێت هەموومان، هەرکەسەو لای خۆیەوە، گرنگی بدات بەو پرسە تا بتوانین یەکسانی جێندەر بە کردیی بارپا بکەین. و وتی " لە كۆمەڵگەدا نا هاوسەنگی جێندەری هەیە و بەشێك لە گەنجانی كۆمەڵی كوردەواری تێگەیشتنی هەڵەیان بۆ هاوسەنگی جێندەری هەیە و لەو چوارچێوەشدا پێوستە سەنتەرەكان هاوكاربن لە گۆڕینی تێڕوانینەکان".

لە بەشێکی تری وتەکەیدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت ئێمە بە کردەیی مەجال بدەین بە ئافرەتان کە بۆچونی خۆیان بڵێن، دەبێت گۆڕانکاری بکەین و ئەم گۆڕانکاریە پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری هەیە بۆ ئەوەی بگەین بەو ئاستەی خۆمان دەمانەوێت لە مەسەلەی یەکسانی جێندەر. هەروەك ڕاشیگەیاند "تائێستا سیستمی كۆتا لە هەڵبژاردنەكان بۆ ژن دانراوە بۆ ئەوەی ئافرەتێک بۆ پەرلەمان دەرچێت، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین پێویستمان بە شۆڕشی فكری هەیە".