حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 27 MAY 2018 00:40 Erbil, GMT +3

نووسینگەی ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا لە ھەرێم کرایەوە

MON, 12 MAR 2018 12:55 | KRG Cabinet

رۆژی دووشەممە 12-3-2018 نووسینگەی ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا لە ھەرێم بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و ویلیام پیته‌رسن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی ئه‌مریكا لە ھەولێر كرایەوە.

جێگری سەرۆك وەزیران لە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ھاوبەش گووتی: كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێم كارێكی هاوبه‌شی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكایه‌. به‌مه‌ش ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هه‌رێم ده‌سه‌لمێنێت و  پاڵپشتی هه‌رێم ده‌كات.

ئاماژەشی بەوەدا كە ئه‌و چاكسازیانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ نیازه‌ بیانكات چاكسازی ریشه‌ین و ته‌نها قسه‌ نین و بەردەوام دەبن.

قوباد تاڵەبانی لە بارەی پرۆژەكەشی گووتی: ناوەڕۆکی پرۆگرامەکە بریتییە لە چاکسازی دارایی و ئابوری و پرۆژەکەشی دەبێتە تەواوکاری چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم.

دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق لایەن خۆیەوە‌ وتی: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ زۆر بواردا هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و تایبه‌ته‌ به‌ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی ئابوری و ئێمه‌ پشتیوانی لە حكومه‌ت و هاووڵاتیانی هه‌رێم ده‌كه‌ین.

ویلیام پیته‌رسن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی ئه‌مریكا بە ئاماژەپێدان بە كردنەوەی خولی به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكان بۆ باشكردنی ئیداریی و دارایی گووتی بەم پرۆژەیە گۆڕانكاری له‌ ژیانی هاووڵاتیان و ئاستی خزمه‌تگوزارییەكان ده‌كرێت.

گووتیشی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین پرۆژه‌كه‌ گه‌وره‌ بكه‌ین و زیاتر گرنگی به‌و ناوچانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ پێویستیان به‌ هاوكارییه‌ و نیشته‌جێبوون تێیاندا ناسه‌قامگیره‌.