حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 28 MAY 2018 12:48 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى: دابینكردنى مووچه ئه‌وله‌وییه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌

TUE, 13 MAR 2018 18:18 | KRG Cabinet

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 13/3/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا دوایین پێشهاته‌كانی گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و بڕیاری كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به ڕه‌وشی عێراق و هه‌رێمی كوردستانى، باس كرد.

سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان له وته‌یه‌كدا گوتی:
"ئه‌مڕۆ جه‌نابی دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له دیدارێك له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه له‌و ئه‌فسه‌رانه پێكهاتبوو ئه‌وانه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌كان كار ده‌كه‌ن، ڕایگه‌یاند هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر و سلێمانی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌كرێنه‌وه‌. ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌م هه‌نگاوه ده‌كه‌ین و پێمان وایه هه‌نگاوێكی دروست و ڕاسته و به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕوات كه هیوادار بین كێشه‌كانی دیكه‌ش له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن".

"ده‌مه‌وێ لێره سوپاسی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادی بكه‌م بۆ ئه‌م بڕیاره‌، سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایانه‌نانه بكه‌م هه‌م له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م له به‌غدا و هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه كه ماندبوو بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره بگاته ئه‌نجام. بێگومان ئه‌مه له ئه‌نجامی چه‌ندین دیداری فه‌رمیی نێوان سه‌رۆك وه‌زیران و به‌نده و هه‌روه‌ها نێوان شاندی هه‌ردوولا چ ئه‌وانه‌ی به ئاشكرا ئه‌نجام دراون، یان ئه‌وانه‌ی كه ڕانه‌گه‌یه‌نراون و له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا ئه‌م كاره جێبه‌جێ كرا".

"پرسی فڕۆكه‌خانه‌كان په‌یوه‌ندی به زۆر شته‌وه هه‌یه و بۆ ئێمه هه‌ناوێكی گرنگه و هیوادارین هه‌نگاوی دیكه‌شی به‌دوادا بێت و بتوانین بابه‌تی مووچه و كێشه‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌م هه‌نگاوه گه‌ر به بچووكیش سه‌یر بكرێت، یان هه‌نگاوێك نه‌بێت كه زۆر كاریگه‌ری له چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كانی دیكه بكات، به‌ڵام پێمان وایه ده‌ستپێكردنێكی زۆر گرنگه‌، ده‌ستپێكردنێكه كه ده‌یسه‌لمێنێ گه‌ر هه‌ردوولا ئیراده‌ی جددیمان هه‌بێت ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

دواتر له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی شێوازی كردنه‌وه و داهات و خه‌رجییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كان و واژۆنه‌كردنی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌ركۆماری عێراقه‌وه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند:
"ئه‌مه هه‌ندێك شتی ته‌كنیكی و ورده‌كارییه‌‌، به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه هه‌ندێك ڕێكاری ده‌ستووری هه‌یه كه به‌پێی ده‌ستوور ئاشكرایه پێویسته چی بكرێت و ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتووین ئه‌و ڕێكاره ده‌ستوورییه، یان ئه‌و یاسا ده‌ستووریانه‌ی عێراق كه په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ده‌بێت به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بێت و ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و چوارچێوه‌یه ڕێككه‌وتووین و ورده‌كاریی دیكه‌ش هه‌یه كه وه‌زیری ناوخۆی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات و ده‌چنه ناو ئه‌و ورده‌كارییانه‌، به‌ڵام بێگومان كۆنووس هه‌یه له‌نێوان ئێمه‌دا و واژۆی له‌سه‌ر كراوه و به‌پێی ئه‌و كۆنووسانه‌ش كه له‌نێوان ئێمه و به‌غدا واژۆ كراوه‌، ئه‌و فڕۆكه‌خانانه ده‌كرێنه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى بودجه‌ش گوتى:
"به‌غدا و هه‌موو لایه‌نه‌كان ئاگادارن كه حكوومه‌ت و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پرسی بودجه زۆر نیگه‌رانن و هیوادارین ده‌رفه‌تێك هه‌بێت تا دووباره پێداچوونه‌وه به یاسای بودجه‌ی عێراقدا بكرێت و داواكاریی هاووڵاتیان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگیرێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه له ڕاگه‌یاندنه‌كاندا باس له‌وه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش ده‌نێردرێت، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد:
"دوێنێ شه‌و له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا كه به‌نده له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌یبوو، ئه‌و پێداگری له‌سه‌ر دوو خاڵ كرده‌وه كه یه‌كه‌میان كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و دووه‌میشیان ناردنی مووچه‌ی هه‌ندێك له فه‌رمانبه‌رانه و له دیداریدا له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ی چوو بوون بۆ به‌غدا ئه‌مه‌ی دووپات كرده‌وه كه هه‌ندێك له‌و مووچه‌یه ده‌نێرێت، هیوادارین ئه‌م دوو كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت و چاوه‌ڕوانین".

سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی دیكه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایش به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه دا:
"بێگومان ئه‌مه هه‌نگاوی یه‌كه‌مه و هه‌نگاوێكی گرنگه به ئاراسته‌یه‌كی ڕاست و ده‌توانم وا شیرۆڤه‌ی بۆ بكه‌م. ده‌ستپێكردنه و چاره‌سه‌ریی هه‌موو كێشه‌یه‌ك له هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات و هه‌نگاوی یه‌كه‌م گرنگه‌. پێموایه چاره‌سه‌ركردنی پرسی فڕۆكه‌خانه‌كان و ناردنی هه‌ندێك له مووچه، هه‌ردووكیان پرسی گرنگن و ئه‌مانه هه‌نگاوی گرنگن و جێی ده‌ستخۆشی و سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و پێموایه كاركردنی هه‌ولێر و به‌غدا به‌م ڕۆحییه‌ته‌، كێشه‌كانی دیكه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كات".

له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی دابینكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دوا پێشهاته‌كانی پڕۆژی چاكسازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزیان گوتی:
"تا ئێستا ڕوون نییه ئه‌و پاره‌یه‌ی كه ده‌ینێرن به چ شێوه‌یه ده‌بێت، له‌ماوه‌ی ڕابردوودا تیم له به‌غداوه هاتووه و وردبینی كراوه له هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و شوێنه‌كانی دیكه‌ش و وه‌ك بنه‌ما قبووڵ كراوه كه ئه‌و مووچه‌یه دێت، به‌ڵام ئێمه تا ئێستا ورده‌كارییه‌كان نازانین و به گه‌یشتنی ورده‌كارییه‌كان، هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه".

"سه‌باره‌ت به چاكسازی، خۆتان ده‌زانن كێشه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته دروست بوو، به سوپاسه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان به هه‌موو فراكسیۆنه‌كانییه‌وه زۆر به جددی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كاریان كرد و كێشه‌یه‌كی بچوك دروست بوو و ئێستا جارێكی دیكه له پهرله‌مان باسی له‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌و هیوایه‌ن كه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و پڕۆژه‌یه هه‌روه‌ك حكوومه‌ت داوای كردووه له په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند بكرێت و بێگومان ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌كان و ڕۆڵی نێوده‌وڵه‌تی له كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند:
"پرسیاری یه‌كه‌م زۆر ته‌كنیكییه و ده‌بێت له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی فڕۆكه‌خانه‌كان بپرسن كه فڕۆكه‌ی كام كۆمپانیا ده‌ست به‌كار ده‌كه‌ن و كه‌ی ده‌ستپێده‌كه‌ن. سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌ین كه ڕۆڵیان له كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێ به‌تایبه‌تی سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی بكه‌م، چونكه ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه و ئه‌و بڕیاری داوه كه فڕكه‌خانه‌كان بكرێنه‌وه و ئێمه خۆشحاڵین و سوپاسی ده‌كه‌ین".

سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئاشكرای كرد:
"ڕاستییه‌ك هه‌یه كه كێشه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نیا پرسی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ناردنی بودجه نییه و كێشهی دیكه‌ش هه‌یه‌، به‌ڵام سروشتی عێراق به‌گشتی وایه كه دیدگایه‌كی ڕوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق به‌گشتی نییه و ئه‌گه‌رنا عێراق به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێمان وایه ئه‌و كارانه‌ی ئێمه ئه‌مڕۆ ده‌ستی پێده‌كه‌ین و به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر ده‌چێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، نابێت به هه‌نگاوی بچووك سه‌یری بكه‌ین و هه‌نگاوی گرنگن و هیوادارین هه‌نگاوی دیكه‌یشی به‌دوادا بێت و دوای هه‌ڵبژاردن بگه‌ینه لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته‌".

له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق له‌لایه‌ن به‌ڕێز د. فوئاد مه‌عسووم سه‌ركۆماری عێراقه‌وه و بوونی ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی به‌غدا به تیرۆرست ناویان ده‌بات له هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئهم پرسه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی:
"سه‌باره‌ت به پرسیاری یه‌كه‌م كه مه‌سه‌له‌ی بودجه‌یه‌، گومان له‌وه‌دا نییه كه غه‌درێكی زۆر له هه‌رێمی كوردستان كرا و زۆر زۆریش به‌داخه‌وه به مه‌به‌ست و به به‌رنامه ئه‌و كاره ئه‌نجام درا، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكن له عێراق، نابێت به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمێك له چوارچێوه‌ی عێراقدا بكرێت و نابێت ئه‌و غه‌دره‌ی لێ بكرێت و ده‌بێت به‌پێی ده‌ستوور و به‌پێی مافی بوونی هاووڵاتیی عێراقی مافی هه‌رێمی كوردستانیش بدرێت كه زۆر به‌داخه‌وه له یاسای بودجه‌دا ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕه‌چاو نه‌كراوه‌. ئه‌وه‌ی كه بۆ هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌، زۆر زۆر كه‌متر بووه له‌و مافه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی. خۆشحاڵین به‌وه‌ی كه جه‌نابی سه‌ركۆمار ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به ‌ڕاستی ئێمه هیوادار بووین فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كانی عێراقیش زۆر به جددى هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن و هه‌وڵێكی جددی بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و غه‌ده‌ری له هه‌رێمی كوردستان كراوه له یاسای بودجه‌دا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌".

"سه‌باره‌ت به پرسیاری دووه‌م، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌سه‌ریی زۆرمان له‌ده‌ست تیرۆر بینیوه و به هه‌مان شێوه هه‌موو عێراقیش زۆر ده‌رده‌سه‌ری بینیوه و له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هاوكاری و هاریكارییه‌كی زۆر له‌نێوان ئێمه و به‌غدا ئه‌نجام دراوه و زۆرێك له‌وانه‌ی كه داعش بوون و لێره ده‌ستگیر كراون، ڕاده‌ستی به‌غدامان كردوونه‌ته‌وه‌. بێگومان تیرۆر كه مه‌ترسییه بۆ هه‌موو عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كورد و عه‌ره‌ب و ئێزدى و موسڵمان و مه‌سیحی، هاوكاری و هاریكاریی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام و باشتر ده‌بێت".

سەبارەت بە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر لێدوانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر دوو ڕووداوی تیرۆرکردن لە سنووری هەولێر و بالیسان کە تیایاندا حکوومەتی ئێران بە تۆمەتبار دەزانن، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی:
"تا ئێستا بە فەرمی ناتوانین هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکەین، چونکە دەبێ لێکۆڵینەوە بکرێت لەوەدا کە چ کەسێک ئەم کارەی کردووە، بەڵام وەک بنەما، هەر تیرۆرکردنێک لەناو هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین، هەر لایەنێک بێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکمان نییە ڕاستى بسه‌لمێنێت لایەنێکی دیار ئەو کارەی کردبێت".

دەربارەی پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ئایا دوای ناردنی، بە شێوەی پاشەکەوت دەبێت یان نا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە:
"گرنگ ئەوەیە بزانین ئەوان چۆن دەینێرن. تا ئێستا ئەوە لای ئێمە ڕوون نییە، با بە ڕوونی بزانین ئەوان چۆن دەینێرن و بڕەکەی چەندە، دوایی لەسەر ئەو بنه‌مایه بڕیار دەدەین".

پرسی داهاتووی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی جێناکۆک لەنێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتیی ئیدارەکردنیان، پرسیارێکی دیکە بوو کە ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرا و لەو بارەیەوە بەڕێزیان گوتی:
"دەستوور ئەوەی دیاری کردووە و ئەو ناوچانەی کە پێی دەگوترێت ناوچەی جێناکۆک، ئەو شوێنانە بەو شێوەیە دەمێننەوە تا ڕێکاری دەستووری کێشەکانی چارەسەر دەکات، ئینجا ئەو شوێنە چ لە دەست ئێمە بێت، چ لە دەست بەغدا بێت، چ لە دەست هەر لایەنێک بێت، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە. ئەوانە ئەو شوێنانەن کە ناکۆکیمان هەیە لەسەریان، چارەسەرەکه‌یشی لە دەستووردا دەستنیشان کراوە کە پێویستە ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەى ئەو کێشانە چارەسەر ببن".

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی دووپات کرده‌وه‌:
"ئێمە لەگەڵ بەغدا داوامان کردووە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام بە ڕاستى پێشبینى ناکەین هەموو کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە مانگێک و دوو مانگ هەموو ئەو شتانە چارەسەر ببن، ئێمە دەبێ واقعبین بین، دەبێ ئەو واقعەی کە ئێستا هەیە مامه‌ڵه‌ى لەگەڵدا بکەین. ئێستا دەبێ وردەوردە هەوڵ بدەین هەنگاوەکان یەک لەدوای یەک بچینە پێش و چارەیان بۆ بدۆزینەوە. هەرێمی کوردستان چەند جارێک باسی کردووە و ڕایگەیاندووە و جه‌خت دەکاتەوە کە دەیەوێ کێشەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و لە ناو عێراقدا چارەسەر بکات. ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە و بەردەوامیش دەبین لەسەری و بەدڵنیاییه‌وه ئەگەر میکانیزمی دوولایەنە نەبێت لەنێوان ئێمە و بەغدا، ئەوە بۆ بەغداش باشترە و هەم بۆ ئێمەش باشە و هەم بۆ ئەو ناوچەیەش باشە کە هەردووکمان پێکەوە ئیدارەی ئەو شوێنانە بکەین، بۆ ئەوەی هەم نە بۆشاییی ئەمنی دروست ببێت، نە کێشە دروست ببێت لەو سنوورانە، باشتر وایە هەردوولامان پێکەوە ئیدارەی دۆسیەکە بکەین".

دەربارەی شێوازی ناردن و دابەشکردنی مووچە، جارێکی دیکە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە:
"تائێستا دیار نییە بە چ میکانیزمێک دەبێت، با میکانیزمەکە یه‌كلایى ببێته‌وه و وردەکاریی زیاترمان هەبوو، لەسەر ئەو بنه‌مایه بڕیار دەدەین، ئەوەی گرنگە، هەموو لایەکتان دەزانن کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بارێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕن، بۆ ئێمە چارەسەری ئەو کێشەیە لە ئەولەوییەتدایە، لەسەر ئەوە کە میکانیزمەکە چۆن دەبێ، تا ئێستا نازانین ئەوەی کە دێت چەندە، بۆیە دواتر لەسەر ئەو بنه‌مایه بڕیار دەدەین".

بەڕێزیان هه‌روه‌ها گوتی:
"هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان زۆر به‌رگه‌یان گرت و زۆر سەبریان گرتووە و تەحەمولیان کردووە، ئەو تەحەمول و سەبرەی کە هەیانبووە، جێى ڕێز و پێزانینه و وشەیەک نییە بتوانم بڵێم سوپاسیان بکەم، بە ڕاستی لەو مەسەلەیەدا ئەمە نیشانەی ئەو هەڵوێستەی ئەوانە و تێگەیشتنیانە لەسەر ئەو ڕەوش و بارودۆخەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە".

دەربارەی پرسی نەوت و خاڵە سنوورییەکان کە ئایا لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا باس کراوە یان نا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی:
"ئێستا با ئەو دوو پرسە چارەسەر بکەین، هەنگاوەکان بە یەکجار نابن، یان سفر یان سەد، لەو نێوانەدا نەوەدونۆ هەیە، ئێمە با جارێ وردەوردە هەندێ لەمانە چارەسەر بکەین، دوایی بچینە سەر ئەو کێشانە، بەدڵنیاییه‌وه ئەو کێشانەش باس دەکەین و هەوڵیش دەدەین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، بەڵام ئێستا با هەنگاوێک دەست پێبکەین، بڕیاری جەنابی سەرۆک وەزیران بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ناردنی بەشێک لە مووچەی مووچەخۆران، پێمان وایە هەنگاوی گرنگن بە ئاراستەیەکی ڕاست و ئێمە هیوادارین هەنگاوەکانی دیکەشی بەدوادا بێت لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق".

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا داوای ڕوونکردنەوە لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرا کە ئایا چ گرەنتییەک هەیە بۆ پاشگەزنەبوونەوەی بەغدا لە بەڵێنەکانی تایبەت بە ڕەوانەکردنی مووچەی هەرێم، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی نوێ لە بەغدا، لەو بارەیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست پاشەکشە لەو پرسەدا نەبێت و شتەکان جێبەجێ بکرێت، جه‌ختیشى له‌وه کردەوە کە "ئەو ڕێککەوتنانە جێبەجێ دەکرێت".

سەبارەت بەوه‌یش کە بەغدا لە بەرامبەر چ داواکارییەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەکات، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی:
"هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیی عێراقین، ئەو سەرۆک وەزیرانی هەموو عێراقە و یەکێک لە ئه‌ركه‌كانى سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەیە کە هەوڵ بدات مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا دابین بکات. پێموایە ئەویش لەو چوارچێوەیەدا سەیری پرسەکە دەکات، نەک بەرامبەر بە هیچ شتێک، لەو چوارچێوەیە سەیری دەکات کە بتوانێت هەندێک لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیانە، چارەسەر بکات".

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی حکوومەت و پەرلەمان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، گوتی:
"ئێمە له‌گەڵیان کۆبووینەتەوە، ئێستا زیاتر لەسەر ئەوە ماوە من وەک سەرۆک وەزیران ڕایبگەیەنم کە چ ڕۆژێک هەڵبژاردن دەکرێت، لەم نزیکانە ڕایدەگەیەنین".

ڕەوشی ئەمنی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی گیانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی باسکراو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بوو و لەو بارەیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تەئکیدی لەوە کردەوە:
"ئەوانەی وەک پەنابەر لە هەریمی کوردستانن، حکوومەتی هەرێم ئەرکیەتی گیانی ئەو پەنابەرانە بپارێزێت و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ ئەوەی گیانی ئەو پەنابەرانە پارێزراو بێت، ئەوە وەک سیاسەت و پرەنسیپ و لە هیچ شتێکیش درێغی ناکات بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت، ئەوانە لە هەرێمی کوردستانن، پەنابەرن لێرە، ئێرە ماڵی خۆیانە و دەبێ هەموو هەوڵێک بدەین گیانیان پارێزراو بێت و بەدڵنیاییش هەوڵی ئێمە بۆ ئەوە بەردەوام دەبێت".

دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە تا چەند ئەگەری ئەوە لە ئارادایە حکوومەتی عێراق بیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا فراوانتر گوتی:
"قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە، دەستووری عێراق ئەرک و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئێمە دەیبینین، هەرێمی کوردستان جه‌خت لەسەر ئەو مافە دەستوورییانەی خۆی دەکاتەوە لە چوارچێوەی عێراقدا و زۆریش وریایە لەوەی هیچ دەسەڵاتێک کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە لە دەستی نەدات و هەر بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت، دەسەڵاتەکان دەسەڵاتی دەستوورین و دەستوورەکە گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە و هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو دەستوورە مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات".

پرسی کردنەوەی ڕێگای سەرەکیی نێوان هەولێر - کەرکووک و هەڵوێستی بەغدا لەو بارەیەوە، دوایین تەوەری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بوو. له‌مباره‌یه‌وه بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتى:
"چاوەڕوانی لایەنی عێراق دەکەین و ڕامانگەیاندووە چاوەڕێی هەندێ ڕێكارى سەربازی لە بەغدا دەکەین، لەسەر ئەو حسابەی بە ئێمە گوتراوە ئەوان ئێستا ئامادە نین بۆ کردنەوەی. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەین و دەیکەنەوە".



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان