حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 22 APR 2018 07:59 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ وه‌زیرى ناوخۆى عێراق ده‌كات

WED, 14 MAR 2018 14:05 | KRG Cabinet

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14/3/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز قاسم ئه‌لئه‌عره‌جى، وه‌زیرى ناوخۆى عێراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا دوا پێشهاته‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا و بڕیارى كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا و هیوایان خواست ئه‌م هه‌نگاوه‌ ببێته‌ هۆى بنیاتنانه‌وه‌ى متمانه‌ و هه‌نگاوه‌كانى دیكه‌ى ناردنى مووچه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى به‌دوادا بێت. هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بوونى ئیراده‌ى ڕاسته‌قینه‌ بۆ چاره‌سه‌رى و گرنگیى به‌رده‌وامیى گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان نێوانى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز كه‌ریم شه‌نگالى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، دۆخى ئه‌منیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بره‌ودانى زیاتر به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى ئه‌منى و گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى و كارى هاوبه‌شى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى فیدرال و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌ردوولا بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى تیرۆرستان و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر كرده‌وه.