حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 27 MAY 2019 13:25 Erbil, GMT +3

ڕێكارى یاسایى به‌رامبه‌ر پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان ده‌گیرێته‌ به‌ر

WED, 25 JUL 2018 18:11 | KRG Cabinet

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25/7/2018 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ڕێزان وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، پارێزگاران، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، وه‌زیری ناوخۆ، نوێنه‌ری ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، دیوانی چاودێریی دارایی، داواكاری گشتی و نوێنه‌ری ئاسایش، ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاڵاوگه‌ بچووكه‌ نایاساییه‌كان كه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی كاریان كردووه‌ و تیایدا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ڕاپۆرتێكیان سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی پاڵاوگاكان‌، شوێنه‌كانیان و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیاره‌ نایاساییه‌ پێشكه‌ش كرد. كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆك بوو له‌سه‌ر پێویسته‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ری ئه‌م دیاره‌یه‌ بكرێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م پاڵاوگانه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری زیانگه‌یاندێكی گه‌وره‌ به‌ ته‌ندروستى و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی زه‌ق له‌ هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی باسكران كه‌ به ‌هۆی پاشه‌ڕۆی ئه‌م پاڵاوگانه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ر‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاو و به‌رهه‌می كشتوكاڵی گه‌یشتووه‌ و‌ هۆكاری سه‌ره‌كیشن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی مه‌ترسیدار.

كۆبوونه‌وه‌ بڕیاری دا وه‌زارتی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ هاوكاریی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێزان سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا به‌ میكانزمێكی پێویستی یاسایی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن و حكوومه‌تیش ڕێكاری پێویست به‌رامبه‌ر پاراستنی ژینگه‌ و ته‌ندروستی و ژیانی هاووڵاتیان بگرێته‌ به‌ر و دواتریش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ڕێكاره‌ یاساییانه‌ بۆ ڕای گشتی بخرێنه‌ ڕوو.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌زگا ئیداره‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردن وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و پۆلیس به‌ هاوكاریی پارێزگاره‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن له ‌چوارچێوه‌ی ئه‌و میكانزمه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خرانه‌ ڕوو و داوكاری گشتیش ڕاسپێردرا له‌ڕووی یاسایییه‌وه‌ هاوكاری ئه‌م تیمه‌ بێت، هه‌روه‌ها دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پاراستنی ژینگه‌ و ژیانی هاووڵاتیان له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه،‌ چونكه‌ ژیانی خه‌ڵك و پاراستنی ژینگه‌ له‌ پرسه‌ ئابوورییه‌كان گرنگترن و پێویسته‌ جیاوازی له‌نێوان ژیان و ژینگه‌ی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ دابینكردنی سووته‌مه‌نی بكات.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان