حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 22 OCT 2018 12:55 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى و هادى ئه‌لعامرى، پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

THU, 4 OCT 2018 16:36 | KRG Cabinet


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4/10/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز هادى ئه‌لعامرى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى ئه‌لفه‌تح كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و قۆناغى داهاتووى پرۆسه‌كه‌یان تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌ پرۆسه‌یه‌كى سیاسیى ته‌ندروست بۆ ئێستا و قۆناغى داهاتووى‌ عێراق كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هیواكانى پێكهاته‌كانى عێراق بێت و هه‌موو پێكهاته‌كان خۆیان له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا ببینه‌وه‌ و له‌پێناو سه‌قامگیرى و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى سیاسیدا، پارێزگارى له‌ بنه‌ماكانى سازان و هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى بكرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز ئه‌لعامرى جه‌ختى له‌ گرنگیى هاوبه‌شییه‌كى كاراى هه‌رێمى كوردستان له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عیراقدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور‌ كرده‌وه، هه‌روه‌ها هاوبه‌شیى هه‌رێمى كوردستانى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا به‌ بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كیى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى عێراقدا له‌ قه‌ڵه‌م دا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێزیان به‌رده‌وامیى گفتوگۆ و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عێراقى به‌ پێویست زانى.

هه‌ردوولا پرسى دامه‌زراندنى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فیدرالى عێراقییان خسته‌ به‌ر باس و هاوكارى و پشتگیرییان بۆ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى دووپات كرده‌وه‌ كه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى عێراق ڕاسپێردراوه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان