حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 11 DEC 2018 14:56 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان، په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

TUE, 4 DEC 2018 22:42 | KRG Cabinet

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4/12/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێزان جوبران باسل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان و نیكولا توینی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی لوبنان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و شاندێكی باڵای یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، دۆخی سیاسیی عێراق و پرۆسه‌ی سیاسی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق له‌ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ، هه‌روه‌ها باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لوبنان كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌.

به‌ڕێز جوبران باسل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و پشتگیریكردنی كار و چالاكییه‌كانی ڕه‌وه‌ندی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ لوبنان خوازیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و بازرگانی و گه‌شیاری و كلتووریدا، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات و گرنگییه‌كی تایبه‌ت به‌م‌ په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌دات.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی پشتگیری و ئاسانكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كارسازان و وه‌به‌رهێنه‌رانی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشی له‌ ڕه‌وه‌ندی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ له‌ زۆر بواری بازرگانی و كلتووری و گه‌شتیاریدا چالاكن و هیوای خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچن.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و دۆخی ئێستای عێراق به‌تایبه‌تی‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان