حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 17 JUN 2019 00:19 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى و ده‌سته‌ى خێرخوازیى ئیسلامیى نێوده‌وڵه‌تى، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران تاوتوێ ده‌كه‌ن

SUN, 14 APR 2019 15:49 | KRG Cabinet

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/4/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. عه‌بدوڵڵا ئه‌لمه‌عتووق سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكارى ده‌سته‌ى خێرخوازیى ئیسلامیى نێوده‌وڵه‌تى و شاندێكى یاوه‌رى كۆبووه‌وه.

له‌ كۆبووه‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر پێداویستییه‌كانیان و جه‌ختیان له‌ پێویستیى هاوكاریكردنى زیاترى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ و دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، كرده‌وه.

به‌ڕێز ئه‌لمه‌عتووق باسى له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ى خێرخوازیى ئیسلامیى نێوده‌وڵه‌تى و ده‌وڵه‌تى كوێتیش كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن و له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشدا ده‌نگ و پێویستییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى هاوكارییه‌كانى ده‌سته‌ و ده‌وڵه‌تى كوێتى كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ هاوكاریى كۆمه‌ڵگه‌ى نیوده‌وڵه‌تى و حكوومه‌تى عێراقیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوكاریى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكه‌ن به‌تایبه‌تیش له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ و خوێندن و ته‌ندروستى و چاره‌سه‌ریى ده‌روونییه‌وه‌.

تاوتوێكردنى دۆخى مرۆییى مووسڵ و كێشه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م كاره‌ خێرخوازییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان