Kurdistan Regional Government


 

سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌


هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، حیزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان و حیزبى شیووعیى كوردستان، پشتگیریى خۆیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌، ده‌ربڕى و گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى ناوخۆییان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌.

/grafik/uploaded/2016/NB_Serdani_Mektebi_siyasi_PDK_28-11-2017__2017_11_28_h17m54s27__SE.JPG

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/11/2017 له‌ پیرمام به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى حكوومى، له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان كۆبوونه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى تێپه‌ڕاندن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوتوێ كران. پارتى دیموكراتى كوردستان، وێراى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، هه‌موو پشتگیرییه‌كی خۆى بۆ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، دووپات كرده‌وه‌.

/grafik/uploaded/2016/NB_Hizbi_Zehmetkeshan_28-11-2017__2017_11_28_h17m55s5__SE.JPG

پاشان له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ حیزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ یه‌كڕیزى و ته‌باییى لایه‌نه ‌سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخى ئێستا و دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى ده‌ستوورى بۆ كێشه‌ و ناكۆییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق. حیزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌تى بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، پشتگیریى خۆیشى بۆ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو دروستكردنى یه‌كڕیزى ده‌ربڕى.

/grafik/uploaded/2016/NB_Hizbi_Shu3i_28-11-2017__2017_11_28_h17m55s33__SE.JPG

دواجار هه‌ر له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ حیزبى شیووعیى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و تیایدا وێڕاى تاوتوێكردنى دۆخه‌كه‌ و دوایین پێشهاته‌ سیاسى و دیپلۆماسییه‌كان، جه‌خت له‌ یه‌كێتى و یه‌كڕیزیى كوردستانییان كرایه‌وه. حیزبى شیووعیى كوردستان له‌گه‌ڵ پشتگیرى بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌م دۆخه‌ى ئێستادا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ش هه‌رچه‌ند سه‌خته‌، به‌ڵام خه‌ڵكى كوردستان قۆناغ و دۆخى له‌مه‌ سه‌ختتریشى به‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى تێپه‌ڕاندووه‌ و ئه‌مه‌ش تێده‌په‌ڕێنێت.