Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ كونسوڵی توركیا كۆبووه‌وه‌


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/11/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د ئاكیف ئینعام كو‌نسوڵی گشتیی كۆماری توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهاتنی كاره‌كه‌ی وه‌ك كونسوڵی گشتیی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و ماڵئاوایی، سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ئاكیف سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ له‌ چوار ساڵی ڕابردووی كاره‌كانیدا وه‌ك كونسوڵی توركیا له‌ هه‌ولێر پاڵپشتیی ته‌واو له‌ كاره‌كانی كراوه‌ و له‌و ماوه‌یه‌شدا هه‌وڵی داوه‌ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ بدات‌، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و زیاتر په‌ره‌پێدانی كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ به‌ڕێز ئاكیف له‌ پۆسته‌ نوێكه‌ی خواست و سوپاسی كرد بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی كاره‌كانی به‌ باشترین شێوه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بووه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكارییانه‌ی حكوومه‌تی توركیای كرد بۆ زیانلێكه‌وتوان و قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌ی ئه‌م دواییه‌‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بایه‌خێكی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دۆستایه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌دات و هیوای خواست ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌ی له‌ ڕابردوودا له‌ نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌بوو، به‌ هه‌وڵی هه‌ردوولا بۆ دۆخی جاران بگه‌ڕێنرێته‌وه‌‌.