Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن كۆده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 1/12/2017 له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى به‌ڕێز ئێمانۆئێل ماكرۆن سه‌ركۆمارى فه‌ڕه‌نسا، شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك  وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ یاوه‌ریى به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و سه‌فین دزه‌یى وته‌بیژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێم، گه‌یشته‌ پاریسى پایته‌ختى فه‌ڕه‌نسا.

سبه‌ى شه‌ممه‌ 2/12/2017 به‌ڕێز  ئێمانۆئێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا له‌ كۆشكى ئێلیزێ له‌ پاریس پێشوازى له‌ شاندى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بارودۆخى گشتیى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و فه‌ڕه‌نسا ده‌خرێته‌ به‌رباس.

حكوومه‌ت و گه‌لى فه‌ڕه‌نسا په‌یوه‌ندییه‌كى دێرینیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و هه‌میشه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاكاندا پشتگیرى و پشتیوانیى به‌رده‌وامى خۆیان پێشكه‌ش به‌ گه‌لى كوردستان كردووه‌. سه‌رده‌مى سه‌رۆكى خوالێخۆشبوو فرانسوا میته‌ران، له‌كاتى ده‌ركردنى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ دانانى ناوچه‌ى دژه‌فڕین بۆ پاراستنى گه‌لى كوردستان له‌ ساڵى 1991، حكوومه‌تى فه‌ره‌نسا ڕۆڵێكى كاراى هه‌بوو. هه‌روه‌ها فه‌ڕه‌نسا له‌كاتى شه‌ڕى ڕێكخراوى تیرۆریستى داعشدا، پشتیوانى و هاوكاریى زۆرى پێشمه‌رگه‌ى كردووه‌، هه‌ر له‌و كاته‌شدا سه‌رۆكى پێشووى فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێز فرانسوا ئۆلاند دووجار سه‌ردانى هه‌رێمى كورددستانى كردووه‌.