Kurdistan Regional Government


 

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دۆخى ئاواره‌كانى سنوورى كه‌ركووك تاوتوێ ده‌كات

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5/12/2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌.


له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى سه‌ردانى ڕۆژى شه‌ممه‌ى ڕابردووى شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ فه‌ڕه‌نسا و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن خسته‌ ڕوو.

تیایدا ڕوونیكرده‌وه‌  فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن پشتگیرى له پاراستنى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستووریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات كه‌ ئاماده‌یه‌ ناكۆكییه‌كان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق چاره‌سه‌ر بكات، بۆ ئه‌مه‌ش فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن هاوكار ده‌بن و هانى عێراق ده‌ده‌ن بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان. هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌وێته‌ په‌یوه‌ندى.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن گرنگییه‌كى زۆرى به‌ یه‌كڕیزیى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان داوه‌ و جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ كردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پێشوازى له‌ سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌لیزێ، ده‌ربڕیوه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێزانین و ده‌ستخۆشى له‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد كه‌ له‌باره‌ى سه‌رپێچییه‌ ده‌ستوورییه‌كان و كه‌مورتییه‌كانى بودجه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌مكرنه‌وه‌ى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقدا یه‌كهه‌ڵوێست بوون و پێكه‌وه‌ به‌رگرییان له‌ پشكى هه‌رێمى كوردستان كرد.

به‌ڕێز كه‌ریم شه‌نگالى وه‌زیرى ناوخۆ، ڕاپۆرتێكى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگیى قه‌یرانه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ردوو شارى دووز و كه‌ركووك و بارودۆخى ئاواره‌كان خسته‌ ڕوو. تیایدا ئاماژه‌ى به‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت كرد بۆ هاوكاریى ئاواره‌كان و دابینكردنى پێداویستییه‌كانیان و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ و ڕێكخراوه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ ئامارێكى له‌سه‌ر ژماره‌ى ئاواره‌كان و قه‌باره‌ى خه‌رجى و پێداویستییه‌كانیانى له‌خۆ گرتبوو، ستایشى ئه‌و لایه‌ن و ڕێكخراوانه‌یشى كرد كه‌ هاوكارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوون بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانى ئاواره‌كان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ پێویسته‌ ڕێكخراوه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نیوده‌وڵه‌تى، به‌تایبه‌تى ڕێكخراوه‌كانى بوارى مرۆیى بۆ دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ئاواره‌كان، هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن. سوپاسى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستانیشى له‌ گشت و شار و شارۆچكه‌كان كرد كه‌ پێشوازییان له‌ ئاواره‌كان كرد و كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش كردن.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆ و كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى ڕاسپارد بۆ كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ و به‌دۆكیوومێنتكردنى ئه‌و تاوانه‌ى له‌و ناوچانه‌ ڕوویانداوه‌ كه‌ هه‌ندێكیان تاوانى دژ به‌ مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگن، تاكو له‌ چوارچێوه‌ كارپێكراوه‌كاندا ڕیكارى یاسایى به‌رامبه‌ر بكه‌رانى ئه‌و تاوانانه‌ بگیرێته‌ به‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌مباره‌یه‌وه ئاگادار بكرێنه‌وه‌‌، به‌تایبه‌تى ڕێكخراوى مافه‌كانى مرۆڤ و ئه‌منستى ئینته‌رناشنال كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا وه‌ك پێویست ئه‌ركى خۆیان ئه‌نجام نه‌داوه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشنیارى دامه‌زراندنى (سه‌نته‌رى ده‌ستنیشانكردنى په‌ككه‌وته‌یى) په‌سه‌ند كرد كه‌ له‌ ڕاپۆرتێكدا له‌لایه‌ن به‌ڕێز د. محه‌مه‌د هاودیانى، وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا. ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنى جۆر و ڕێژه‌ى په‌ككه‌وته‌ییى خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كانه‌ به‌ ئاراسته‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن و شیاندن و به‌كارخستن و بواره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى دیكه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌لایه‌تى سوودمه‌ند بن كه‌ به‌ ڕاستى په‌ككه‌وته‌ن و شایسته‌ن.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕه‌شنووسى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى تایبه‌ت به‌ دانانى ڕه‌سمى به‌كاربردنى ناوخۆییى خواردنه‌وه‌ كحوولییه‌كان و به‌رهه‌مه‌ لێوه‌رگیراوه‌كانیانى په‌سه‌ند كرد كه له‌ ڕاپۆرتیكدا له‌لایه‌ن به‌ڕێز د. ڕێكه‌وت ڕه‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستییه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ى به‌ گرنگیى جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌ كرد كه‌ سوودێكى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى هاورده‌كردنى ئه‌و ماددانه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى ئه‌و جۆره‌ ماددانه‌یه‌ كه‌ زیانبه‌خشن به‌ ته‌ندروستیى هاووڵاتیان و داهاتى ئه‌م ڕه‌سمه‌ش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌كار ده‌هێنرێته‌وه‌، نه‌ك بۆ زیادكردنى داهات.

به‌ڕێز د. یووسف گۆران، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى ده‌رچووانى ئاماده‌یى له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان بۆ ئه‌مساڵى خوێندن، ڕاپۆرتێكى پێشكه‌ش كرد. تیایدا تیشكى خسته‌ سه‌ر سیستمى نوێى وه‌رگرتن كه‌ زیاتر خواستى ده‌رچووانى ڕه‌چاو كردووه‌ و هه‌وڵ دراوه‌ ژماره‌ى ئه‌و به‌شانه‌ى ڕاسته‌وخۆ ده‌رچووان وه‌رده‌گرن زیاد بكرێت، چونكه‌ له‌م سسته‌مه‌دا ده‌رچووان ده‌چنه‌ ئه‌و به‌شانه‌ى له‌گه‌ڵ خواست و ئاره‌زوویاندا ده‌گونجێت.

له‌ كۆتاییدا خاتوو نه‌ورۆز مه‌ولوود وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، ده‌رباره‌ى پێداچوونه‌وه‌ به‌ خشته‌ى ساڵانه‌ى كرێى ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان و كرێ و ڕه‌سمه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ شاره‌وانییه‌كان و گه‌شتوگوزار، ڕاپۆرتێكى خسته‌ ڕوو.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕاپۆرته‌كه‌ى په‌سه‌ند كرد ئه‌وه‌ش له‌پێناو پێشكه‌شكردنى ئاسانكارى بۆ ئه‌وانه‌ى ئه‌م ڕه‌سم و كرێیانه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك ببێته‌ مایه‌ى  په‌ره‌پێدانى وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار و كه‌مكردنه‌وه‌ه‌ى بارگرانى، سه‌ره‌ڕاى جیاكردنه‌وه‌ى بڕى ڕه‌سم و كرێیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ناوه‌ندى شاره‌كان و قه‌زا و ناحییه‌كان.