Kurdistan Regional Government


 

دیلۆیت ڕاپۆرتی وردبینیی داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز ده‌خاته‌ ڕوو

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8/1/2018 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

سه‌ره‌تا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوایین سه‌ردانی شاندێكی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌غدا بۆ پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت تاوتوێ كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی له‌ به‌غدا ده‌كات و هیوای خواست حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ به‌ڵێنی ناردنی مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات، هه‌موو ئاماده‌ییی حكوومه‌تیشى بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌مباره‌وه‌ نیشان دا.

ئینجا به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى یه‌كه‌مین ڕاپۆرتى وردبینیى داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێم، به‌ڕێز د. ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ى وردبینیى سه‌ربه‌خۆى نێوده‌وڵه‌تیى داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستانى خسته ‌ڕوو كه‌ به‌ بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ 73 له‌ به‌روارى 3ى شوباتى 2016 و له‌به‌ر ڕۆشناییى یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێم و یاساى سندووقى كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی وگازییه‌كان بڕیارى له‌سه‌ر درا بوو.

ئینجا له‌ پرۆسه‌یه‌كى شه‌فافدا و به‌پێى پێوه‌ره‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى و له‌به‌ر ڕۆشناییى ڕێنماییه‌كانى گرێبه‌سته‌ حكوومییه‌كان، بانگهێشتى كۆمپانیا جیهانییه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانى بوارى وردبینى كرا و له‌ كۆتاییى ساڵى 2016 دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و گازه‌وه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیاى جیهانى (دیلۆیت) و (ئى واى) كرا. به‌پێى هه‌ردوو گرێبه‌سته‌كه‌ وردبینیى سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجى و پرۆسه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت به‌ چالاكییه‌كانى ساڵانى ڕابووردووشه‌، بۆ داهاتووش به‌رده‌وام ده‌بێت.

دواتر له‌لایه‌ن تیمی كۆمپانیای وردبینیی دیلۆیته‌وه‌ كه‌ خۆیان ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوون، له‌ زمانى خۆیانه‌وه‌ ڕاپۆرتی شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى 2017ى وردبینیى خه‌رجى و داهاته‌كاته‌كانى نه‌وت و گازیان خسته ‌ڕوو.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا كۆمپانیاى دیلۆیت ورده‌كاریى زانیارییه‌كانى هه‌نارده‌كردن و به‌كارهێنانى ناوخۆیى و پاڵاوگه‌كان و داهاتى به‌ده‌ستهاتووى له‌ فرۆشى نه‌وتى خاو و نرخى یه‌ك به‌رمیل نه‌وت و بڕى پاره‌ى پێشه‌كى وه‌رگیراو له‌ كۆمپانیاكان و ئه‌و خه‌رجییانه‌ى بۆ شایسته‌ى داراییى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و خه‌رجییه‌كانى دیكه‌ و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى خرایه‌ ڕوو. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی بۆ كاروباری نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراوه‌.

دوای تاوتوێكردن و گفتوگۆكردن و پرسیاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ى به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ دانا به‌ ئاراسته‌ى په‌ره‌پێدانى شه‌فافییه‌ت له‌ كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان و پێشنیاره‌كانى كۆمپانیاى دیلۆیت په‌سه‌ند كران سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌پێدانى پرۆسه‌كه‌ و وه‌رگرتنى ڕێكارى پێویست بۆ به‌جێگه‌یاندنیان.

دواتر هه‌ردوو به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ لیژنه‌ى هه‌ماهه‌نگیى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز د. ئامانج ڕه‌حیم سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ربڕى كه‌ ڕۆڵى گرنگیان له‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریی كۆمپانیاى دیلۆیت هه‌بوو بۆ ئاسان گه‌یشتن به‌ زانیارى و دۆكیۆمێنته‌كان له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و لابردنى كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م به‌ئه‌نجامگه‌یاندنى پڕۆژه‌كه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا هه‌مان ورده‌كاریى ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ لایه‌ن هه‌مان تیمه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى و لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان بكرێت، له‌ هه‌فته‌ى داهاتووشدا به‌ ته‌واوى ورده‌كارییه‌كانییه‌وه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م ڕاى گشتیى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌سه‌ر ڕاهێنانى ژمێریار و وردبینى دامه‌زراوه‌كانى چاودێریى دارایى له‌ هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا كرده‌وه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا بۆ پڕۆژه‌كه‌ سوودیان لێ وه‌ربگیرێت.

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه‌یه‌كى گشتگیری وردبینیى نه‌وت و گاز له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و بڕیاریشه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا شه‌ش مانگی دووه‌می ساڵی 2017 و ڕاپۆرتی وردبینى بۆ ساڵه‌كانی 2014 و 2015 و 2016ی داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌مان پرۆسه‌ وردبینی بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ڕای گشتی.