Kurdistan Regional Government


 

پاپا فره‌نسیس پێشوازى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12/1/2018 له‌ ڤاتیكان به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ فه‌رمى له‌لایه‌ن قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسیسه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌یه‌كى دووقۆڵیدا قه‌داسه‌تى پاپا سوپاسى ئه‌م سه‌ردانه‌ى كرد و خۆشحاڵیى خۆى به‌ دووباره‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى. هه‌روه‌ها سوپاسى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ میواندارییان له‌ ئاواره‌كان به‌گشتى و به‌تایبه‌تى كریستیانه‌كان كه‌ له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕى تیرۆرستانى داعش و ڕووداوه‌كانى دواتر ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون.

قه‌داسه‌تى پاپا هیواى خواست ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتى و ته‌باییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بێت و هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و ئاشتى و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها هیواى سه‌قامگیرى و ئاشتى بۆ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ و كوردستان به‌تایبه‌تى و هه‌موو پێكهاته‌كانى خواست و گوتى نزاتان بۆ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتوو بن و له‌ ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیان به‌رده‌وام بن.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى به‌ دووباره‌ سه‌ردان و دیدارى قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسیس ده‌ربڕى، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى دۆخى ئێستاى ناوچه‌ و پێشهاته‌ سیاسى و ئابووریه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ دوا دیداریانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تیان تا ئێستا پێشكه‌ش كرد، هه‌ر له‌ سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر داعشدا، كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، تا ڕووداوه‌كانى دواتر كه‌ بوونه‌ هۆى ئاواربوونه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى گه‌ڕابوونه‌وه‌ ناوچه‌كانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هیواى خواست قه‌داسه‌تى پاپا پێگه و ڕۆڵى خۆى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا بگێڕێت، ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى دۆخه‌ سه‌خته‌كه‌ى، به‌ڵام ده‌رگا و دڵى كراوه‌ بووه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌كان و هه‌وڵى جددیشى داوه‌ كه‌ خوشك و برایانى كریستیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانیان و له‌گه‌ڵ كه‌نیسه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵیان داوه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كریستیان وڵات جێنه‌هێڵن. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاراستنى ئه‌و ته‌بایى و پێكه‌وژیانه‌ى پێكهاته‌كان‌ كه‌ به‌شێكى گرنگى كه‌لتوورى هه‌رێمى كوردستانه‌.

دواتر هه‌ر له‌ ڤاتیكان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پیێترۆ پارۆلین، سه‌رۆك وه‌زیرانى ڤاتیكان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته‌ سه‌ر دۆخى سیاسى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عیراق ده‌درێن.

به‌ڕێز پیێترۆ پارۆلین، سه‌رۆك وه‌زیرانى ڤاتیكان، وێڕاى سوپاسكردنى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنى ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تیش كریستیانه‌كان، هیواى خواست هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.