حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 23 NOV 2017 03:07 Erbil, GMT +3

ژیاننامەی سەرۆک وەزیران




نێچیرڤان بارزانی لە  حوزیران/یۆنیۆ ى 2014 بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا. رێزدار بارزانی، کە ڕابەرایەتی هەردوو کابینەی پێنجەم لە ماوەی نێوان 2006 تا 2009 و کابینەی حەوتەم لە 2012 تا 2014ى کرد، دەوری دەستپێشخەر وپێشەنگیی لە ژمارەیەک بەرەو پێشچوونی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان بینیوە.   
  
سەرۆک وەزیران، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، کە نەوەی ڕابەری نەتەوەیی کورد و دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆك مستەفا بارزانییە، لە ساڵی 1966 لە دێی بارزان لە دایك بووە. باوکی بەڕێزیان، ئیدریس بارزانی، سەرکردەیەکی پێشەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە ژیانی خەبات کرد لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی میللەتی کورد.      
لە ساڵی 1975، ڕێزدار بارزانی و خێزانەکەی، لەگەڵ دەیان هەزار کوردی عیراق، ڕۆیشتن بۆ ئێران بۆ ڕزگاربوونیان لە چەوسانەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق. بە شوێنپێکەوتنی باوکی و باپیری، ڕێزدار بارزانی چالاکانە بەشداربوو لە کاروباری سیاسی کورد و بە خێرایی بە ناو پلەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرزبۆوە. لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی 1989 بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەلبژێردراو لە کۆنگرەكانی دواتر دووبارە هەڵبژێردرایەوە.  
 
لەساڵی 1996، ڕێزدار بارزانی بە جێگری سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوا بە دوای هەلبژاردنی گشتی لە هەرێم لە ساڵی 1992 دامەزرێندرا. لە ساڵی 1999 بە سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا.  لە ئازاری 2006، بۆ ڕابەرایەتی کردنی کابینەی پێنجەم هەلبژێردرا، كە یەکەمین کابینەی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. سەرۆک وەزیران، ڕێزدار بارزانی، هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستانە.   
 
وەک سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی خاوەنی ژمارەیەک دەستپێشخەری ستراتیژی بووه کە ئامانج لێیان باشترکردنی ئاستی بژێوی و کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووریە لە هەرێمی کورستان. لە نێوانیاندا، گرتنەدەستی سیاسەتێکیی پتەوی سامانە سروشتیەکان، پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و ڕامیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێکهێنانی ئابووریەکی پتەوی ناوخۆیی، پەرەپێدانی وەبەرهێنانی دەرەکی، بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان، پەرەپێدانی خوێندنی بنەڕەت و باڵا، ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ژێرخانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تۆڕی کارەبا، بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، نیشتەجێبوون و تۆڕی ڕێگاوبان. رێزدار بارزانی بە ئەندازیاری سەرەکی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. روانگەى بەرێزیان هەر بەردەوامە لەبوونی بە پاڵنەر بۆ سیاسەتی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئابووریی حکومەت بە ئامانجی بەرەو پێشبردنی ژیانی هاوڵاتیانی لە هەرێم، وەهەروەها پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا و سیاسەتی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کورستان.  
 
ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی هاوسەری نەبیلە بارزانییە و سێ کوڕ و دوو کچی هەیە. زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی بەڕێزیان پاراوە و زمانی عەرەبیشی باشە. خولیای شیعر و ئەدەبی کوردی و فارسیە.